شوێنەوارەکانی ئامێدی نۆژەن دەکرێنەوە
+964
عەمارعەزیز – دهۆک
فەڕەنسییەکان 400 هەزار یۆرۆ بۆ نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکانی ئامێدی تەرخاندەکەن.
ئینستیتوتی ئەپسۆ، رێکخراوی ئەلیف و دەزگای ئێسکپرتێت فرانس، کە سێ دەزگای فەڕەنسیین، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری ئامێدی دانیشتنیان کردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەی قوبەهان، منارەی مزگەوتی ئامێدی، کەنیسەی ئامێدی، مەزارگەی پیرداود.
ئەو چوار شوێنە، لەدیارترین شوێنەوارەکانی ئامێدین، مێژووی قوتابخانەی قوبەهان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی سێزدەی زایین، منارەی مزگەوتی ئامێدی دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی سوڵتان حوسێن، مەزارگەی حەزان یان پیرداودی جووەکان مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ سەدەی سێزدە.
دکتور بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری پارێزگای دهۆک بە توڕی964ی وت “12ـی ئەم مانگە دانیشتنمان کرد، پێشنیارمان بۆیان کردووە کە پلانێکی ورد و گشتی دابنێن، لەمانگی ئادار نوێنەرانی ئەو رێکخراو دەزگایانە سەردانی ئامێدی دەکەن تا لەنزیکەوە بزانن چۆن ئەو شوێنانە نوژەن دەکەنەوە، ماوەی پڕۆژەکەش دوو ساڵە”.
بەقسەی شوێنەواری دهۆک بێت، زیاتر لە 50 شوێنەوار لەسنووری قەزای ئامێدی تۆمارکراون، هەروەها ژمارەیەکیش لەشوێنەوارەکانی ئەو سنوورە بەهۆی بەردەوامی شەڕی تورکیا و پەکەکە نەتوانراوە تۆمار بکرێن.