یانه‌ پله‌ دووه‌كان له‌سه‌ر شێوازی خوله‌كه‌یان رێكنه‌كه‌وتن

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر
ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌ی هونه‌ریی خولی یانه‌ پله‌ دووه‌كان بۆ تۆپی پێ كرا، یانه‌كان پێشنیار و داواكاریی جۆراوجۆریان هه‌یه‌ و هێشتا له‌سه‌ر شێوازێك بۆ به‌ڕێوه‌چوونی خوله‌كه‌ رێكنه‌كه‌وتوون.
كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له‌ باره‌گای فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان ئه‌نجام درا و تاریق عه‌بدولڕه‌حمان سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێ و سكرتێری فیدراسیۆنه‌كه‌، له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری یانه‌كان به‌شداربوون.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه‌ په‌یامنێری 964 له‌ به‌شێكی ئاماده‌بوو، چه‌ند پێشنیارێك بۆ چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌چوونی خوله‌كه‌ خرایه‌ڕوو، نوێنه‌ری یانه‌كان چه‌ند بیرۆكه‌یه‌كیان پێشنیار كرد.
هاوكات فیدراسیۆنی تۆپی پێ پێشنیاره‌كانی وه‌رگرت و بڕیاره‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا گفتوگۆی له‌سه‌ر بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی شێوازێكی گونجاو بۆ به‌ڕێوه‌بردنی خوله‌كه‌ بدۆزنه‌وه‌.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ فیدراسیۆنی كوردستان ئه‌وه‌ی به‌ تۆڕی 964 وت، پێده‌چێت خوله‌كه‌ به‌ شێوه‌ی ناوچه‌یی به‌ڕێوه‌بچێت، كه‌ یانه‌كانی هه‌ر سنوورێك له‌گه‌ڵ یه‌كتر یاریی بكه‌ن و دواتر قۆناغی كۆتایی خوله‌كه‌دا چه‌ند یانه‌یه‌ك له‌ یه‌ك كۆمه‌ڵه‌دا یاریی بكه‌ن.
964 سپۆرت ده‌زانێت، 39 یانه‌ی پله‌ دوو ئاماده‌یی خۆیان بۆ به‌شداریكردن له‌ خوله‌كه‌.