لە رێگەی چوون بۆ ئەوروپا 548 کورد گیانیان لەدەستداوە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا 548 هاوڵاتی هەرێم لە رێگەی چوون بۆ ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە و تەرمی 234 کەسیش نەدۆزراوەتەوە، ئەمە بەپێی ئامارەکانی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران.
ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە لە پەیامێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە لە فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، “لە ئێستادا کۆچبەران لە لەلایەن گروپ و باندە قاچاخچیەکانەوە ئیهانەیان پێدەکرێت و دەستدرێژییان دەکرێتەسەر و پارەیان لێدەسەندرێت و بۆ ماوەی دوورودرێژ لە بەندینخانەکاندا دەمێننەوە”.
“زیاتر لە 548 کۆچبەر لە رێگەی کۆچی هاتوونەهاتدا و لە رێگەی کۆچی نایاسایی گیانیان لەدەستداوە و 234 کەس تا ئێستا تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە و لە دەریای ئیجە، دەریای رەش، رووباری مەریج و رێگەی وشکانی بێسەروشوێن بوون،” ئاری جەلال وای وت.
تەنیا لە ساڵی 2022دا، 17 کەس لە رێگەی کۆچ بۆ هەندەران گیانیان لەدەستداوە، حەوت کەسیش بێسەروشوێن بوون.
بەپێی زانیاریەكان، لە ساڵی 2022دا زیاتر لە 300 هەزار کۆچبەر چوونەتە ئەوروپا، بەڵام زۆرترینیان مافی پەنابەری نایانگرێتەوە.