خەڵات بۆ دۆزینەوەى دانراوە
هانای کوڕێکی جەرگسووتاو؛ دوای شەش مانگ، مام رەمەزان هێشتا نەدۆزراوەتەوە
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
شەش مانگ زیاترە، سێبەری چاوەڕوانییەکی تاڵ باڵی بەسەر ماڵی مام رەمەزان دا کێشاوە. ئەو پیاوە بەتەمەنەی کە لە گەشتێکدا بەرەو ماڵی کچەکەی لە داقوق، هەنگاوەکانی بەرەو نادیاری چوون و تا ئێستاش چارەنووسی بزرە.
حوسێن رەمەزان، کوڕە گەورەی مام رەمەزانی بێ سۆراغ، بە قوڕگى پڕ لە گریانەوە بە 964ـی راگەیاند: “زیاتر لە شەش مانگە، شەو و رۆژمان تێکەڵ کردووە و بەدوای شوێنپێی باوکمدا وێڵین، بەڵام تائێستا هیچ سەرەداوێکمان دەستنەکەوتووە”.
نیگەرانییەکانی حوسێن تەنها لە دیارنەمانی باوکیدا کورت نابێتەوە، بەڵکو گلەیی لە کەمتەرخەمیی لایەنە پەیوەندیدارەکانیش دەکات کە وەک پێویست بە دەمیانەوە نەچوون
ئەم بنەماڵە ماندووە، دەستیان لە هەوڵەکانیان هەڵنەگرتووە، ئەوەتا لە ناچاریدا خەڵاتیان داناوە بۆ هەر کەسێک سەرەداوێک یان سۆراغێکى باوکیان بزانێت.
مام رەمەزان لە رۆژى 5.12.2024، لە ماڵەکەی خۆی لە خورماتووەوە بەمەبەستی سەردانیکردنی کچەکەی بەرەو داقوق بەڕێکەوت، بەڵام گەشتەکەی بووە گەشتێکی بێگەڕانەوە و لەو رۆژەوە دیار نەماوە و لە هیچ کوێ نەبینراوە، هەر وەک ئەوەى زەوى قوتى دابێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح