چەند هاوڵاتیەک لە بانکی رافیدەین دەردەکەون. وێنە:بانکی رافیدەین.
سەرۆک وەزیرانی كوردستان چی بە خەزێنەی ئەمریكا وت؟
نهێنیی “ترسناک” لە بارەی بانكی رافیدین و كی كارد بڵاودەكرێتەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەپێی بابەتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕنەڵی ئەمریكی، کۆمپانیای کی کارد، کەوا هاوبەشی بانکی رافیدەینە بۆ دەرکردنی کارتی بانکی و مانگانە موچەی حەوت ملیۆن موچەخۆر دەدات، نزیکەی 500 ملیۆن دۆلاری بە قاچاخبردووە بۆ ئیمارات، ئوردن و تورکیا و وڵاتانی دیكە، بەرپرسێكیش لە نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو قسانەی سەرۆكی حكومەت ئاشكرا دەكات، كە بە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكای وتووە.
رۆژنامەكە لە راپۆرتێکدا، كە دوێنێ بڵاویكردووەتەوە، دەڵێت، عێراق یەک دوو ساڵ لەمەوبەر بازاڕێکی بچووک بوو بۆ ڤیزا و ماستەر کارد، لە سەرەتای ساڵی 2023 مانگانە تەنیا 50 ملیۆن دۆلار یان کەمتر لە مامەڵەی دەرەوەی سنوورەكانی داهاتی هەبوو، دواتر لە مانگی نیسانی ئەو ساڵدا تەقییەوە و گەیشتە نزیکەی یەک ملیار و نیو دۆلار، کە نزیکەی لە شەوێکدا 2900% زیادیکردووە، لێرەدا پرسیار ئەوەیە، چی گۆڕا؟
رۆژنامەكە دەڵێت، بەپێی چەند سەرچاوەیەكی عێراق و ئەمریكی و ئەو بەڵگەنامانەی دەستیان كەوتووە، گرووپە میلیشیا عێراقییەکان زانیویانە چۆن دۆلار لە تۆڕەکانی پارەدانی ڤیزا و ماستەرکارد بۆ خۆیان و بۆ هاوپەیمانەکانیان لە ئێراندا رابكشێن.
لەمبارەیەوە عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، سەرۆک وەزیرانی كوردستان مانگی رابردوو بە خەزێنەی ئەمەریکای راگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیریی دەستپێشخەری پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق عەلی عەللاق دەکات بۆ چاکسازی لە سێکتەری بانکی.
هەروەها دەڵێت، ئێمە پشتگیری چاودێریی تەواوی بانکی ناوەندی عێراق دەکەین بەسەر هەموو بانکەکانەوە، لەناویشیاندا بانکە حکومییەکان، یاساکان پێویستە بانکەکانی رەشید، رافیدەین و تی بی ئای بگرێتەوە وەک چۆن بانکی ناحکومییەکانی دیکەی وڵات دەگرێتەوە، ئەمەش بە وردبینی ساڵانە و دەرەکی دەستپێدەکات.
“هەبوونی رێکخەرێکی بانکیی سەربەخۆ و بێلایەن لە بەرژەوەندی تەواوی عێراقدایە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، دەبێت بانکی ناوەندی عێراقی دەسەڵاتی پێویستی پێبدرێت بۆ گەڕاندنەوەی متمانە و باوەڕپێکراوی بۆ سێکتەری پێڕاگەنەیشتووی بانکی، سێکتەرێک کە زیاتر لە 30 بانک تێیدا سزادراون یان ئابڵۆقەیان خراوەتەسەر لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا”، عەزیز ئەحمەد وای نووسیوە.
باسی ئەوەشی كردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەسەر پەیڕەوکردنی مافی دەستووری خۆی بۆ پاراستنی بەکارهێنەرانی هەرێمی کوردستان لە سپیکردنەوە و بەقاچاخبردنی پارە، ئەمەش دووبارە لە بەرژەوەندیی تەواوی عێراقدایە.