"بڕوانامەی پزیشکی نییە و شوێنەکەی نایاساییە"

نۆرینگەکەی داخراوە و بەشێک لە چارەخوازان داوای کردنەوەی دەکەن

دەشتی عارف ـ هەولێر

بەهۆی نەبوونی بڕوانامە و نایاسایی شوێنەکەی، نۆرینگەی محەمەد خەسرۆ لە هەولێر بەبڕیاری دادگا داخراوە کە بە دەرمانی سروشتی چارەسەری نەخۆشەکانی دەکرد، ئەمڕۆ بەشێک لەو هاوڵاتیانی سوودیان لە چارەسەرەکانی وەرگرتووە، لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران گردبوونەوە و داوای کردنەوەی نۆرینگەکەیان کرد.

غەزاڵ رەزا کە بەقسەی خۆی منداڵێکی نەخۆشی سەدەفی هەبووە و لای محەمەد خەسرەو چارەسەری وەرگرتووە، قسەی بۆ مایکی 964 کرد و وتی، “ئەوەی دکتۆر محەمەد بۆ ئێمەی کردووە کەس نەیکردووە، با دکتۆرێک بێت و بڵێ من دەتوانم نەخۆشی سەدەف چارەسەر دەکەم، ئەوکات منداڵەکەم نابەمە لای دکتۆر محەمەد”.

“شەش ساڵ هاتوچۆی دکتۆرم کرد، منداڵەکەم لەجیاتی باش بێت خراپتر بوو، بەڵام ئێستا لای دکتۆر محەمەد باشتر بووە و خەریکە بەتەواوەتی باش دەبێت”، غەزاڵ رەزا وای وت.

سەبارەت بەو بابەتە 964 پەیوەندی کرد بە ئامانج وەفایی، وتەبێژی سەندیکای پزیشکانی هەولێر، ئەو وتی، “ئەو پیاوە دەستی داوەتە کارێک کە بەتەواوی کاری پزیشکە و پێویستی بە بڕوانەی تایبەت و خوێندن هەیە، ناکرێت هەر کەسێک لەخۆیەوە بێت بەناوی دەرمانی گیایی تاقیکردنەوە لەسەر جەستەی هاوڵاتیان بکات”.

ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتریش چەند روواوێکی لەو شێوەیە لە هەولێر روویداوە بەڵام ئەوان خاوەن یاسا و رێسای خۆیانن و یاساش سەروەرە و بڕیاری داخستنی شوێنەکەی داوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری