لە ماڵەوە نمرەکانت وەربگرە
“ئی-هەڵسەنگاندن” نمرەی زیاتر لە ملیۆنێک قوتابی بڵاوکردەوە
964+
وریا فەتاح
وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، نمرەی کۆتایی وەرزی دووەمی (خولی یەکەم)ـى زیاتر لە یەک ملیۆن و 300 هەزار قوتابی پۆلە ناکۆتاکان (لە پۆلی 4ی بنەڕەتی تا 11ی ئامادەیی) لە قوتابخانە حکومییەکان، ئێستا لە ئەپڵیکەیشنی “ئی-هەڵسەنگاندن” بەردەستە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی پەروەردە – بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تاقیکردنەوەکان، کە ئەمڕۆ 31ـى ئایاری 2025 بڵاوکراوەتەوە، قوتابیان دەتوانن لەڕێگەی ئەپڵیکەیشنەکەوە ئەنجامەکانیان وەربگرنەوە.
وەزارەتەکە داوا لە قوتابیان دەکات بە وردی و دڵنیاییەوە کۆدی بەکارهێنەر و وشەی نهێنی بەکاربهێنن، جەختیش دەکاتەوە کە پێویستە “نووسینی ژمارەکان بە نووسینی ژمارەی ئینگلیزی بێت، بێ سپەیس و هیچ ئاماژەیەک.”
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “لە ئەنجامی پۆلی نۆی بنەڕەتی، ژمارەیەکی زۆر لە قوتابیان بە نووسینی ژمارەی کوردی و بەکارهێنانی سپەیس و هەندێک ئاماژە و ژمارەی هەڵەی وشەی نهێنی هەوڵی داخڵبوونیان دەدا، کە ڕاستەوخۆ سیستم هەژمارەکەی لۆک دەکردن، بۆیە پێویستە دڵنیابن لە بەکارهێنانی دروست.
لەم لینکەوە بچۆرە ناو ئەپڵیکەیشتنى ئى هەڵسەنگاندن و نمرەکانت وەربگرەوە.
رێنمایى بۆ بەکارهێنان:
“کۆدی بەکارهێنەر و وشەی نهێنی پێویستە لە قوتابخانە وەربگریت . ئەگەر وەرت نەگرتووە و کارتی ساڵانی پێشووت هەیە چەند ژمارەیەک نوسراوە وەک ژمارەی سریاڵ ئەوە بەکاربهێنە بۆ کۆدی بەکارهێنەر و رۆژ و مانگ و ساڵی لە دایکببونی قوتابییەکە دەبێتە وشەی نهێنی ، بەنمونە قوتابییەک لە 1ـی 6ـى 2019 لە دایک بووبێت دەنوسیت 01062019 دەبێتە وشەی نهێنی”، وەزارەتى پەروەردە وا دەڵێت.