دوای سێ مانگ لە خنکانی

ئەمڕۆ بە غائیب نوێژی مردوو بۆ ئەحمەد لوقمان لە گەرمیان ئەنجامدرا

میلاد جەلال – گەرمیان

دوای سێ مانگ و ھەشت رۆژ لە خنکانی و نەدۆزینەوەی تەرمەکەی، ئەمڕۆ بە شێوەی غائیب نوێژی مردوو بۆ ئەحمەد لوقمانی تەمەن 26 ساڵ لە گەرمیان ئەنجامدرا و باوکیشی دەڵێت، جارێ پرسەی بۆ دانانێین.

لوقمان رەئوفی باوکی ئەحمەد کە هیلاکی و شەکەتی کۆچی کوڕەکەی بە رووخسارییەوە دیاربوو بۆ 964 قسەی کرد و وتی، ئەمڕۆ بە غائیب نوێژی مردوومان بۆ ئەحمەد کرد، بەڵام جارێ نیازمان نییە پرسەی بۆ دابنێین.

سوپاسگوزاری خۆیشی بۆ خەڵکی ناوچەکە دەربڕی و باسی لەوەکرد خەڵکی گەرمیان بە گشتی و کەسوکار و دۆستانیان بەتایبەتی، لەو ناخۆشییەدا لێیان بە ئاگا بوون و بە دڵ و گیان لەگەڵیاندا وەستاون.

ئەحمەد لوقمان گەنجێکی 26 ساڵی خەڵکی کەلار بوو لە 17.6.2026 کە لەگەڵ ئامۆزاکەی بۆ راوەماسی چووبوونە رووباری سیروان، لەوکاتەدا لە رووارەکەدا خنکا و دوای چەندین مانگ لە خنکانی سەرەڕای گەڕانی بەردەوامی چەندین تیم هێشتا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە و باوکی کەسوکاری ئەو کاتە بڕیاریاندا تا تەرمەکەی نەدۆزرێتەوە پرسەی بۆ دانەنێن.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر