ئەمڕۆ: ناکۆکی نوێ و موچەی چارەسەرنەکراو
ساڵێک لەمەوبەر: “هەواڵی خۆشمان دەبێت”
وریا فەتاح
لەسەر داواى محەمەد شیاع سودانى، سەرۆک وەزیرانى عێراق مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان گەیشتە بەغدا، ئەمە هەواڵى ئەمڕۆ نییە و هى 30.5.2024ـە واتا یەک ساڵ لەمەوبەر و لە هەمان رۆژ.
ساڵێک لە گەشبینی و بەڵێنی چارەسەر تێپەڕی… بەڵام گیرفانی فەرمانبەر هێشتا چاوەڕێیە!
ساڵى پار رێک 30.5، مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە؛ “ئەمڕۆ لە بەغدادم بۆ جەختکردنەوە لەسەر دابینکردنى مافەکانى خەڵکى کوردستان و چارەسەرکردنى ناکۆکییەکان بە گفتوگۆ لەسەر بنەماى دەستور”.
لەسەردانەکەیدا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکەمجار لەگەڵ قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق کۆبووەوە، لەبەرچاوی رۆژنامەنووسەکاندا سەرۆکی حکومەت وتی ”هاتووین بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەو گرفتیانەی ماون”، دواتریش لەگەڵ سودانى و ژمارەیەک کاربەدەستى دیکەى حکومەتى عێراق کۆبووەوە.
دواى کۆبوونەوەى لەگەڵ بەرپرسان، سهرۆكی حكومهتی ههرێم له وهڵامی پرسیاری رۆژنامهوانان رایگهیاند، ئومێد دهكات هەواڵی خۆش بە هاوڵاتییان بگات.
وتیشی، “کۆبوونەوەکان باش و ئومێدبەخش بوون، لەگەڵ هەموو ئەو بەرپرسانەی دانیشتین، پشتیوانیی خۆیان بۆمان دەربڕیوە”
ساڵێک لەمەوبەر: “هەواڵی خۆشمان دەبێت“
ئەمەى خرایەڕوو، هەواڵى خۆش و ئومێدى چارەسەر بوون کە لەساڵى رابردوو و لە هەمان رۆژ 30.5. بە هاوڵاتیان درا.
ئەمڕۆ: ناکۆکی نوێ و موچەی چارەسەرنەکراو
ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر ئەو سەردانەدا تێدەپەڕێت، بەڵام کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغدا لە پرسى موچە و بودجە و هەناردەى نەوت، چارەسەر نەکراون و لە پێرێوە گەڕێکى دیکەى ناکۆکى لە نێوان هەولێر و بەغدا دروستبووە، ئەوەش دواى ئەوەى وەزارەتى دارایى عێراق رایگەیاند، باڵانسى هەرێم لە موچە و بودجە تەواو بووە و وەزارەتى دارایى هەرێمیش لەوەڵامدا دەڵێت: لەجیاتى قەرەبووى ئەنفال و کیمیاباران و جینۆسایدى گەلى کورد، حکومەتى هەرێم بودجەى خەڵکى هەرێم دەبڕێت.