فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا
لە بارەى موچەوە
فراکسیۆنە کوردستانییەکان بۆ سودانى: ئەو پێشێلکارییانە رابگرە
964+
وریا فەتاح
فراکسیۆنە کوردستانییەکانى ئەنجومەنى نوێنەران بەیەک دەنگ بڕیاریان دا و نووسراوێکیان بۆ سودانى ناردووە و وتویانە،”ئەو پێشێلکارییانە راگرە”، لە بارەى کشانەوە لە بەغداش گفتوگۆیان کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29.5.2025، فراکسیۆنە کوردستانییەکانى ئەنجومەنى نوێنەران گفتوگۆیەکى درێژیان ئەنجامداوە و بەپێى راگەیەنراوى شاخەوان عەبدوڵا جێگرى دووەمى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق،” لەگەڵ خوشک و برایانم لە سەرۆکى فراکسیۆنە کوردستانییەکان، گفتوگۆیەکى دوورودرێژمان لە بارەى بڕیارى نەناردنى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم ئەنجام دا و چەند بڕیارێکمان دەرکرد”.
وەک باسى دەکات، بەکۆى دەنگ نووسراوێکیان بۆ سەرۆک وەزیرانى عێراق ناردووە و ئەو پێشێلکارییانەى دەرهەق بە فەرمانبەرانى هەرێم دەکرێت و چووەتە خانەى برسییکردنەوە، روونکردووەتەوە.
فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە نووسراوەکەدا، داوایان لە سودانى کردووە ئەو پێشێلکارییانە رابگرێت و موچە رەوانە بکات و کێشەکان لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکرێن و چیتر موچە وەک کارتى سیاسى بەکار نەهێندرێت.
فراکسیۆنە کوردستانییەکان داوایان لە سەرۆک کۆمار و وەزیرەکانى کورد کردووە، هەڵوێستى روونیان لە بارەى نەناردنى موچە بخەنەڕوو.
وەک ئەوەى شاخەوان عەبدوڵا باسى دەکات، هەڵوێستى دواتریان پەیوەندیدارە بە وەڵامدانەوەى سەرۆک وەزیران بۆ ئەو داوایەى کردوویانە.
لە بارەى کشانەوە و بایکۆتکردنى پڕۆسەى سیاسى لە بەغدا، شاخەوان عەبدوڵا دەڵێت: ئێمە لە بەغدا چەند جارێک داوامان کردووە ئەو بڕیارە لە بارەى کشانەوە و بایکۆت بدرێت، بەڵام هەمیشە بوار بە گفتوگۆ دەدرا و ئومێد وابوو کێشەکان چارەسەر بێت، بۆیە هەرکات بڕیاری بایکۆت یان پاشەکشە یان هەربڕیارێکی تر دەربچێت، ئێمە بە تایبەتی خۆم، لە ماوەی یەک کاتژمێر جێبەجێی دەکەم و پێشم وایە کاتییەتى”.