مەسرور بارزانی: لە بەغدام و ئیشەڵا کێشەکان چارەسەر دەکەین
کۆبوونەوەی لوتکەی هەردوو سەرۆکی حکومەت دەستی پێکرد
964+
ژووری هەواڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە بەغدایەو لەگەڵ سودانی کۆبووەوە، پێدەچێت ئەم سەردانە بەشێکی باش لەو کێشانە چارەسەر بکات کە لەگەڵ بەغدا ماون، رەنگە دەرووی خێریش بکاتەوە لە موچەی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکان کە لە بەغدا گیری خواردووە.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 30.05.2024 گەیشتە بەغدا، یەکەمجار لەگەڵ قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق کۆبووەوە، لەبەرچاوی رۆژنامەنووسەکاندا سەرۆکی حکومەت وتی ”هاتووین بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەو گرفتیانەی ماون”.
قاسم ئاعرەجی لە تەنیشتی سەرۆکی حکومەتەوە وەستابوو، مەسرور بارزانی تەماشایەکی کردو وتی ”قاسم ئەعرەجی برایەکی خۆشەویست و عەزیزمانە” ئەعرەجی کەیفی بە قسەکان دەهات و سەری بۆ دەلەقاند.
پەیجی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زاری سەرۆکی حکومەتەوە نوسیویەتی ”لە بەغدام؛ بۆ جەختکردنەوە لەسەر دابینکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستوور، دەبێت سەقامگیری و ئابوورییەکی بەهێز کاری لەپێشینەمان بێت”.
مەسرور بارزانی دەچێتە بەغدا
مەسرور بارزانی پێش ئەوەی بگاتە لای سودانی قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کردو کە پرسیاری موچەی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکانیان لێکرد وتی ”ئیشەڵا کێشەکان چارەسەر دەبن”.
دوای ئەو قسەیە چووە لای سودانی و ئەویش لەبەردەرگاوە تەوقەیەکی گەرم و گوڕی لەگەڵداکردو چوونە کۆبوونەوەوە.
یەکێک لەو کێشە زۆر جدیانە کێشەی موچەی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکانە، کە هەموو جار لەگەڵ نزیکبوونەوەی سەری مانگ کێشەی بۆ دروست دەبێتەوە، بەغدا بە ئاسانی ناچێتە ژێر باری ئەو موچەیەو گوێی خۆی لێ دەخەوێنێت، پێدەچێت بەم سەردانەی سەرۆکی حکومەت شتێک بکرێت.
وەزارەتی دارایی عێراق موچەی پێشمەرگە و ئاسایشی نەنارد
دواهەمینجار کە پێشمەرگەو ئاسایش و زێرەڤانی و پۆلیسی بەرگری و فریاکەوتن موچەیان وەرگرتووە پێش جەژن بوو، ئەوا سەروو 50 رۆژ تێپەڕیوەو موچەی ئەوان دەنگی نییە.
رۆژی 15.05.2024 وەزارەتی دارایی لیستی موچەی مانگی چوار بڵاوکردەوە، وەزارەتی پێشمەرگەو هەردوو ئاسایشەکەو زێرەڤانی و پۆلیسی بەرگری و فریاکەوتن و پۆلیس و دام و دەزگاکانی نەوتی تیا نەبوو.
وا چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەی لوتکەی هەردوو سەرۆک وەزیران کێشەی موچەو بەشێک لە کێشەکانی تر چارەسەر بکات.
پێش ئەمە لە مانگی 9ی ساڵی رابردوو سەرۆکی حکومەتی خۆمان و ئەوەی بەغدا کۆبوونەوە، لەو کاتەوە بەشێکی باش لە کێشەکان چارەبوون.