نازانم بۆ بە گەنجی ماومەتەوە

حاجی جادر: مردن برا گەورەیەو خۆم بۆ حازر کردووە

عەبدولعەزیز خالند

ئەمڕۆ پەیامنێری 964 لە هەولێر حاجی جادری بینی، لیێی پرسی دەنگوباست چۆنە و خەریکی چیت، ئەویش وتی هەموو هەوڵی بۆ ئەوەیە دڵی خەڵک خۆش بکات، جا ئیتر بە فیلمی سینەمایی بێت یان لە رێی مۆبایلێکەوە بۆ سۆشیال میدیا بێت.
بەدەم قسەکردنەوە باس و خواس هاتە سەر برادەرەکانی پێشووی، حاجی جادر وتی: ئەم دنیایە وەک شەمەندەفەر وایە یەکێ سەردەکەوێ و یەکێ دادەبەزێ، دوایی باسەکەی بردە سەر مردن و وتی: وەک درامایە، لە دوا ئەڵقە هەموومان کۆتایی دێت.
کاتێک پەیامنێری 964 لێی پرسی بۆ بەتەمای مردنیت، بەدەم پێکەنینەوە وتی ”مردن برا گەورەیەو هەموومان هەر دەمرین، منیش خۆم بۆ حازر کردووە”.
لەسەر بە گەنجی مانەوەکەشی وتی: خۆیشم نازانم بۆ بە گەنجی ماومەتەوە، ئەوە فەزڵی خودایە.
حاجی جادر ئەکتەرێکی کۆمیدی شاری هەولێرە، خۆی ناوی تەواوی (هێمن سەعید ئەحمەد)ە، بەڵام هەر لەسەر کارە هونەرییەکانی ناوی حاجی جادری لێ نراوە.