ئاگرێکی گەورە کەوتەوە

نزیکەی هەزار دۆنم زەوی لە ناڵپارێز سووتا

کامیار کەمال – پێنجوێن

شەوی رابردوو لە ناحیەی ناڵپارێز ئاگرێکی گەورە سەریهەڵدا و بەهۆی رەشەباوە تەشەنەی کرد و تا بەرەبەیان نەتوانرا کۆنترۆڵ بکرێت، بەهۆیەوە نزیکەی هەزار دۆنم زەوی سووتا.

سەردار ئەحمەد بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن بە 964ـی وت، درەنگانی شەوی رابردوو ئاگرێکی گەورە لە بەرزاییەکانی ملەی نەڵمە لە ناحیەی ناڵپارێز سەریهەڵداوە و دوای ئاگادارکردنەوەیان تیمەکانیان گەیشتوونە شوێنەکە و دوای نزیکەی شەش کاتژمێر توانیویانە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، تا ئێستاش هۆکارەکەی نەزانراوە.

باسی لەوەش کرد، بەهۆی ئاگرەکەوە نزیکەی هەزار دۆنم زەوی لە پووش و پاوانی شاخەکانی ملەی نەڵمە و یاسەماڵ و کانی سپیکە سووتاوە و ئاگرەکە دارستان و دارودرەختی ناوچەکەی نەگرتووەتەوە.

“رەشەباکەی شەوی رابردوو کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی زەحمەت کرد و لەگەڵ کوژاندنەوەی لە شوێنێک، لە شوێنێکی دیکە سەریهەڵدەدایەوە”، سەردار ئەحمەد وای وت.

ئەمە یەکەم ئاگری بەهێزی ئەمساڵە لە سنووری پێنجوێن و پێشتر دوو جار ئاگر کەوتووەتەوە، بەڵام هەرزوو کۆنترۆڵ کراوە.

ئاگرەکەی شەوی رابردوو بە بەشداری تیمەکانی بەرگری شارستانی پێنجوێن و پۆلیسی دارستان و هاوکاری هاوڵاتیانی گوندەکان و رێکخراوی ملەکەوە بۆ پاراستنی ژینگە، کۆنتڕۆڵ کراوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری