"پارچەیەک لە جەرگم لێ ئەبێتەوە"
40 ساڵ کەلوپەلی کۆکردەوە، ئێستا دەیان فرۆشێ
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
لە خانوویەکی 125 مەتری گەڕەکی زیلانی هەولێر کرێچییە، زۆرێک کەلوپەلی کۆن و فۆلکلۆری لە ماڵەکەیدا کۆکردووەتەوە، ئێستا و دوای زیاتر لە 40 ساڵ لە کۆکردنەوە و کڕینیان، خاوەنەکەی ناچار بووە دەست بە فرۆشتنەوەیان بکات.
هەر لە تەلەفۆن، تەنجیل و رادیۆ، کامێرا، ئەلەرم و دەیان جۆری سپیکەر و لایت، ئامێر و ئالەتی ناو ماڵ و کەرەستەی خواردن و خواردنەوە، پانکە، دووربین و مۆری کۆکردوونەتەوە، کە سەرجەمیان هەڵگری تەکنەلۆجیای نوێ نین.
دۆخی ژیان و بەخێوکردنی ماڵ و منداڵەکەی، وە کرێی مانگانەی خانووەکەی ناچاری کردووە، ئەو بڕیارە قورسە بدات کە بە دڵێکی پڕەوە بۆ 964 گوزارشتی لێ کرد و دەلی هەر پارچەیەکیان کە دەیفرۆشم، وەک ئەوە وایە کە پارچەیەک لە جگەرم لێ ببێتەوە.
هەرچەندە دوای کارە سەرەکییەکەی کە فۆتۆگرافی بووە، ئیدی کڕینی ئەو کەلوپەلە فۆلکلۆرانە بە هەڵگیراوی نامێنێتەوە، و کڕین و فرۆشتنەوەیان دەکات بەکاری سەرەکی خۆی.
ئەو هاوڵاتییە ناوی رزگار یاسین- ە، بە رزگار میرانی بانگی دەکەن، تەمەنی 52 ساڵە و خاوەنی دوو کچ و دوو کوڕە وەک خۆی دەیگێڕیتەوە لە ساڵانی 1980 کانەوە، ئارەزووی کۆکردنەوەی کەلوپەلەکانی هەبووە و هەر لای خۆشی پاراستوونی.
ئەو بە 964ی، وت، هەر لە منداڵییەوە هیوایەتم بوو شتی کۆنە کۆبکەمەوە، دەچووم لە پارێزگاکانی خوارووی عێڕاق ئەو کەل و پەلانەم دەکڕی و دەمهێنایەوە، کەلوپەلی فۆلکۆری دەیان شتم هەیە، کە بەهاکەی نزیکەی پێنج دەفتەر دۆلارە.
یەکێک لە شتە دەگمەنەکانی لای ئەو هەیە، مەکینەی ماستاوە کە لە ساڵی 1873 لە مس دروستکراوە و تا ئێستاش کاردەکات و یەکێکە لەو ئامێرانەی تێک ناچێت، ئامێری ریکۆردی سەوتی فەرمانگەی ئەمنی “دائیرەی ئەمن”، یەکێکە لە شتە تایبەتەکانی کە لە کاتی بەعسدا زۆر بەکار هاتووە و ئەو پاراستوویەتی.
ئەو وتی، حەزم دەکرد شوێنێکی تایبەت بۆ کەلوپەلەکانم دروست بکەم، بەڵام ئیمکانیەتی دەوێت و منیش لە دۆخی ئێستامدا ئەو ئیمکانیەتەمە نییە، ئەوەشی کۆم کردووەتەوە، رەنجی ساڵانێکی زۆر و کارێکی زۆرە، بەڵام ئێستا بۆ پێویستی ژیان دەبێت دەستبەرداریابم و وردە وردە بیانفرۆشم.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا