ژینگە پێویستیان بە وێستگەی کوالێتی هەوایە

پیسبوونی ژینگەی هەولێر لە ناتەندروستەکەی جاران نەماوە

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

کوژانەوەی موەلیدەکان و داخستنی بەشێک لە پاڵاوگەکان تا رادەیەک ژینگەی هەولێری پاککردووەتەوە، لە ناتەندروستەوە بووە بە دۆخی مامناوەند، بەڵام هێشتان بە تەواوەتی کێشەی ژینگە بنەبڕ نەبووە.

دکتۆر سەنعان عەبدوڵا، بەڕێوەبەری فەرمانگەی هۆشیاری و راگەیاندنی دەستەی چاککردنی پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە 964ی وت، ئێمە کار دەکەین بۆ توند و تۆڵکردنی رێکارەکانی پاراستنی ژینگە بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، وە ژینگەی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی باش دایە.

بەڵام وەک خۆی وتی، ئەوە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە دەستەوەستانبن، وە دەبێت کار بکرێ لەسەر هەموو مەرج و رێنماییەکان، کە هاوتەریب بکرێ لەگەڵ هۆشیاری ژینگەیی، ئەوەش بە بەشداریکردنی هاوڵاتییان بۆ پاراستنی ژینگە.

سەنعان وتی، پێشتر ژینگەی شاری هەولێر نا تەندروست بوو دوایی ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان رێنماییەکانیان جێبەجێکرد بە داخستنی پاڵاوگەکان و وە پڕۆژەی روناکی کوژاندنەوەی حەوت هەزار موەلیدە بەدواهات.

لە رێگەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە رەزامەندی دراوە، وێستگەی کوالێتی هەوا دابنرێ، ئەو وێستگانە دابنرێت گرنگ دبێت تا بزانین هەواکەمان پیسە یان پاک، وە گازە زیانبەخشەکانی وەک ( نایترۆجین، دوانەئۆکسیدی کاربۆن، گۆگرد و تەنۆلکە وردەکان) هەمووی لەم وێستگەیە هەژمار دەکرێت، دکتۆر سەنعان وای وت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا