زمان لێگەڕێ سەر رەحەتە
ڤیدیۆى راوکردنەکەى لە فەیسبوک بڵاوکردەوە و پۆلیس دەستگیرى کرد
964+
وریا فەتاح
وەک کورد دەڵێت،” زمان لێگەڕێ سەر رەحەتە”، ئەوەتا وەرزى قەدەغەى راوەماسییە، کەچى هاوڵاتییەک لە شارباژێر چووە راوى ماسى کردووە و ڤیدیۆى راوەکەى لە فەیسبوک بڵاو کردووەتەوە، پۆلیسیش نەیکردووەتە نامەردى و یەکسەر دەستگیرى کردووە.
پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى بڵاوى کردەوە، هاوڵاتییەکى سنوورى گوندى چەمەک لە شارباژێر، هەستاوە بە راوکردنى ماسى و بڵاوکردنەوەى وێنە و ڤیدیۆى راوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
لەسەر ئەو بنەمایە، پۆلیسى دارستان و ژینگەى شارباژێر، دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، لە ئەنجامدا تونراوە تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و دەستگیر بکرێت.