وێستگەیەكی وزەی ئەتۆمی لە ئەمریكا
ترەمپ فەرمانی دەركرد
ئەمریكا 10 وێستگەی نوێی ئەتۆمی دروست دەكات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، فەرمانی دروستکردنی دە وێستگەی ئەتۆمی نوێی لە وڵاتەکەی دا، كە تا ساڵی 2030 تەواو بكرێن، هەروەها فراوانکردنی وێستگەکانی کارەبای ئەتۆمی کە ئێستا هەن.
لە بەڵگەنامەکەیدا كە سەرچاوەكانی هەواڵ لە ئەمریكا بڵاویانكردووەتەوە، هاتووە “بۆ بەرزکردنەوەی خێرایی و قەبارەی توانای ئەتۆمی نوێ، پێویستە وەزارەتی وزە هاوکاری لەگەڵ کەرتی وزەی ئەتۆمی بکات بۆ ئاسانکاری و زیادکردنی توانای وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێستا بە بڕی پێنج گیگاوات و تا ساڵی 2030 و 10 وێستگەی گەورەی نوێی دروست بكرێن”.
هاوكات وەزیری وزەی ئەمریكا راسپێردراوە دڵنیابێت لە دابینکردنی سەرچاوەی پێویست بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی وێستگە ئەتۆمییە داخراوەکان و زیادکردنی بەرهەمهێنانی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێستا و تەواوکردنی دروستکردنی وێستگە نوێیەکان کە راگیراون.
دۆناڵد ترەمپ، دوێنێ هەینی کۆمەڵێک فەرمانی جێبەجێکاری واژۆ کرد کە ئامانجیان خێراکردنی پەرەپێدانی وزەی ئەتۆمی بوو لە ئەمریکا، لەوانە کەمکردنەوەی پێداویستییە رێکخراوەییەکان بۆ وێستگە نوێیەکان، ئاسانکردنی “پرۆسەی رێکخستنی ئاڵۆز” و بەهێزکردنی هاوکاری پیشەسازیی ئەتۆمی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری.