حیجزكردنی كارتی نیشتیمانی راگیراوە

964 بەدواداچونی بۆ پڕكردنەوەی كارتی نیشتیمانی كردووە

964+

محەمەد فاتیح

دوای ئەوەی 964 دەسپێشخەربوو لە بەدواداچون بۆ كارتی خۆراك و بڵاوكردنەوەی زانیاری چۆنێتی پڕكردنەوەی ئەو كارتە بە شێوەی ئۆنلایەن، بەهەمان شێوە بەدواداچونمان بۆ پڕكردنەوەی كارتی نیشتیمانی كرد و بۆمان دەركەووت كە كێشەی تێیدایە.

لەم ماوەیەدا بەڕێوەبەرایەتی باری شارستانی و پاسپۆرت و نشینگەی عێراق میکانیزمی بەدەستهێنانی كارتى نیشتمانی بە بێ حيجزکردنی ئەلکترۆنی خستەڕوو و پەیامێكی بۆ هاوڵاتیان بڵاوكردەوە و وتى، “دەتوانن لەجیاتی حیجزی ئەلكترۆنی بە بڕی 25 هەزار دینار كارتی نیشتیمانی بەدەست بهێنن”، بۆ ئەم مەبەستەش كارمەندێكی 964 بەدواداچونی بۆ حیجزكردنی ئەلكترۆنی كارتی نیشتیمانی كرد و بەدەستی خۆی تاقی كردەوە و بۆیی دەركەووت كە پڕۆسەكە ئەنجام نادرێت و كێشەی هەیە.

فەرمانگەی کارتی نیشتیمانی چەمچەماڵ زانیارییەكانی بۆ 964 خستەڕوو و دەڵێت، “ماوەیەكە ماڵپەڕی كارتی نیشتیمانی هاككراوە و بەغدا سەرقاڵی چاكردنێتی، مەرجیشە بۆ حیجزكردنی ئەلكترۆنی بۆ پڕكردنەوەی كارتی نیشتیمانی هەژماری بانكیت هەبێت، ئەگەر نا مامەڵەكانت راییناكرێن”.

بەپێی بە دواداچونەكەی 964 لەئێستادا تەنها لە رێگەی پێدانی 25 هەزار دینارەوە دەتوانیت كارتی نیشتیمانی بەدەستبهێنیت و خزمەتگوزاری حیجزكردنى ئەلكترۆنی كێشەی تێكەوتووە و راگیراوە.

بەمەبەستی بەدواداچونی زیاتر پەیوەندیمان بە ژمارەی سكاڵاوە كرد بەردەست نەبوو، بەڵام سەرچاوەیەك لە كارتی نیشتیمانی بەغدا بۆ 964ـی ئاشكرا كرد كە بەهۆی داواكاری لە رادەبەدەر لەسەر حیجزكردنی ئەلكترۆنی كارتی نیشتیمانی ئەو خزمەتگوزارییە لە هەموو عێراق راگیراوە.

دوو نموونەی شكستهێنانی حیجزكردنی ئەلكترۆنی كارتی نیشتیمانیتان بۆ دەخەینەڕوو كە ئەمڕۆ لە هەردوو ئەو رێگەیەی بڵاوكراونەتەوە (ئایفۆن و ئەندرۆێد) تاقیمان كردوونەتەوە: