لە یەکشەممەوە سیستمە کۆنەکە نامێنێ

لە سلێمانی و هەڵەبجە بە ئەلیکترۆنی پارەی کارتی نیشتمانی وەردەگیرێ

964+
ئەحمەد مستەفا

لە یەکشەممەوە، لە سلێمانی و هەڵەبجە تەنیا بە “سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی”، پارەی مامەڵەی دەرهێنانی کارتی نیشتمانی لە سەردانیکاران وەردەگیرێ.

بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە و باری شارستانی سلێمانی لە پێگەی خۆی ئەمڕۆ هەینی 7.2.2025 دەڵێت، ئاگاداری سەرجەم هاوڵاتیان دەکەن كە لەرۆژی یەك شەممە 16.2.2025، وە لە گشت فەرمانگەكانی كارتی نیشتیمانی لە سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، كار بە سیستەمی “پارەدانی كاش” ناكرێت.

بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، لە رایكردنی مامەڵەی هاوڵاتیاندا، كار بە “سیستەمی پارەدانی ئەلیكترۆنی” دەكرێت و پێویستە هەر هاوڵاتییەك، كە سەردانی فەرمانگەكانی كارتی نیشتیمانی دەكات بۆ هەر مامەڵەیەك خاوەنی “كارتی بانكی” بێت و بە پێچەوانەوە هیچ كارێكیان بۆ ناكرێت.

لە فەرمابگەکانی کارتی نیشتمانی، كارتی بانكی سەرۆكی خێزان بۆ هەموو ئەندامانی خێزان كاری پێدەكرێت، هەروەها دەكرێت بەو كارتە مامەڵەی كارتی نیشتیمانی ئەنجام بدرێت، وە هەموو جۆرەكانی كارتی بانكی بۆ مامەڵەكان كار پێدەكرێت.

بە پێی ماددەی (27) بڕگەی یەکەم لە یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2016ی کارتی نیشتمانی، بۆ تێچووی ناسنامەکە، بڕی پێنج هەزار دینار وەردەگیرێ.

بەپێی سیستەمەکە ماوەی وەرگرتنەوە چواردە رۆژی کارە، بەڵام بەهۆی دواکەوتنی چاپکردنی کارتەکان لە بەغداد کاتێکی زیاتری دەوێت بۆ وەرگرتنەوەی.

فەرمانگەکانی کارتی نیشتمانی لە کاتژمێر 8:00ی بەیانی بۆ 3:00ی پاشنیوەڕۆ لە ئەرکدان، خوازیارە سەرەتا، دەستدەکات بە پڕکردنەوەی فۆڕمی داواکاری کارتی نیشتمانی، دواتر سەردانی بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە و ناسنامەی باری شارستانی سنوورەکەی دەکات دوای پەنجەمۆر و تۆمارکردنی زانیاری، بڕە پارەی رسوماتی ناسنامەکە وەردەگیرێ.

پاتری نوێیان بۆ هات و کارتی نیشتمانی پێنجوێن کرایەوە

پاتری نوێیان بۆ هات و کارتی نیشتمانی پێنجوێن کرایەوە

کارتی نیشتمانی مێرگەسوور پارە بە ماستەر کارد وەردەگرێ

کارتی نیشتمانی مێرگەسوور پارە بە ماستەر کارد وەردەگرێ