شاندی كوردستان لە تارانن
گەیشتنە تاران
ئەمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرۆك كۆماری ئێران دەبینن
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتنە تارانی پایتەختی ئێران، بڕیارە ئەمرۆ سەرۆك كۆمار مەسعود پزیكشیان و بەرپرسانی دیكەی ئەو وڵاتە ببینن.
تیمی راگەیاندنی پارێزگای هەولێر، كە لەگەڵ شاندەكەن، بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 22.5.2025 شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، کە پێکهاتووە لە د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، د.عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک و نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە و شاکر حوسێن، بەرپرسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئێران، هەروەها سەرۆکی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەولێر و دهۆک و بەرپرسی کۆمەڵگەی سنووریی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، گەیشتنە فڕۆکەخانەی میهرئابادی تاران.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی شاندەكە، دوێنێ لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ 964 ئاشكرای كرد، بڕیارە شاندەكەیان لەگەڵ پارێزگارانی شارەكانی کوردستان، ئازەربایجانی رۆژئاوا و کرمانشای رۆژهەڵاتی كوردستان بەیەكەوە لە تاران دیدار و كۆبوونەوەیانن لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران مەسعود پزیشکیان و پارێزگاری تاران و ژووری بازرگانی تاران هەبێت.
شاندی حكومەتی هەرێم سێ رۆژە لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێرانن و كۆبوونەوە و دیدار و كۆبوونەوەی زۆریان كردووە.