دوای سێ ساڵ
خوێندنی ماستەر و دکتۆرا و دبلۆمی باڵا دەکرێتەوە
964+
فەهمی نەبی
دوای سێ ساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا دەرگای خوێندن بۆ ماستەر و دکتۆرا و دبلۆمی باڵا لە زانکۆ حکومییەکان دەکاتەوە.
بڕیارەکە بەواژۆی دکتۆر ئارام قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە کەپەیجی فەرمی وەزارەت بڵاویکردۆتەوە.
ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە، ماوەی سێ ساڵە پڕۆسەی خوێندنی دکتۆرا و ماستەر و دبلۆمی باڵا، لە زانکۆ حکومییەکان نەکراوەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 14.2.2023، دکتۆر ئارام قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت ئەو بڕیارەی داوە.
عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا، بە تۆڕی964ی وت “پرۆسەی پێشکەشکردن لەسەرەتای مانگی ئادار دەستپێدەکات، بەهەموو ئەگەرێک خوێندنی وەرگیراوان دەکەوێتە مانگی ئەیلول، واتا خوێندنی وەرزی پایزە”.
لەبارەی ژمارەی کورسی تەرخانکراو، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا هیچ زانیاریەکی ئاشکرا نەکرد.
لەسەرەتای مانگی شوبات، وەزارەتی خوێندنی باڵا فۆڕمێکی ئۆنڵاینی کارا کرد بۆ وەرگرتنی رەزامەندی مۆڵەتی خوێندن.
ئەمە لەکاتێکدا لە 7ـی کانونی دووەمی رابردوو، تۆڕی 964 بڵاویکردەوە کەپرۆسەی پێشکەشکردنی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا و دبلۆمی باڵا، بۆ ناوەڕاستی مانگی شوبات دوادەکەوێت.