
پرۆژەی ئاوی قولە لە رانیە - وێنە: 964
دوانزە کاتژمێر ئاو دابیندەکات
قولە هەر خۆی نا، تینوێتی رانیەیەکانیشی شکاند
964+
مەجید بیتوێنی – سلێمانی
سەرچاوەی سەرەکی ئاوی رانیە ترسی وشکبوونی هەبوو، بەڵام زۆری بارانبارینی ئەمساڵ ئەو ترسەی رەواندەوە.
ئاوی قولە، کە ئاوی 65%ـی دانیشتوانی رانیە دابیندەکات، بەهۆی کەمیی بارانەوە رۆژانە تەنیا چل خولەک ئاوی دابیندەکرد، بەڵام ئێستا رۆژانە دوانزە کاتژمێر ئاو دابیندەکات.
تۆڕی964 لەزانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی راپەڕینەوە دەزانێت، ئەمساڵ تا ئێستا 383,9 ملیم بارانباریوە، ئەوەش لەکاتێکدا ساڵی پار تاوەکو ئەم کاتە 373,1 ملیم بارانباری بوو.
ئاسۆ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی قولە بە تۆڕی964ی راگەیاند: پێش وەرزی بارانبارین بەشێکی بەرچاوی ئەو گەڕەکانەی ئاویان لەسەر قولە بوو بێ ئاو بوون و سەرچاوەی کانیاوی قولە لەوشکبوون نزیک ببووەوە.
ئەوکاتەی ئەو بەڕێوەبەرە باسیدەکات، کانیاوەکە لەکاتژمێرێکدا 350 مەترسێجا ئاوی لێ هەڵقوڵاوە، بەڵام ئێستا هەزار مەترسێجا ئاوی لێ هەڵدەقوڵێت.
قولەی رانیە، لەساڵی 1965 لەسەر کانیاوێکی سروشتی لە سەنتەری شاری رانیە دروستکراوە.




