"سێ مانگە هاوسەرگیری کردووە"
لە گوندێکی کۆیە دیوار بەسەر گەنجێکدا رووخا و گیانی لەدەستدا
964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
لە کاتی کارکردن بۆ تێکدانی خانوویەکی کۆن لە گوندی ئیلینجاغی سەر بە قەزای کۆیە، دیواری خانووەکە بەسەر گەنجێکدا رووخا و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.
رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 2025.5.19 روویدا، بە مەبەستی تێکدانی خانووەکەیان گەنجێک لەگەڵ براکەیدا کاری کردووە، دواتر دیواری خانووەکە کەوتووە بەسەریدا، بە هۆی نەمانی ئۆکسجین، لەژێر دیوارەکە گیانی لەدەستداوە.
هاوکار عەلی بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی کۆیە بە 964ـی وت، “کاتێک گەنجەکەیان هێنایە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدابوو، بەهۆی نەمانی ئۆکسجین لەژێر داروپەردووی خانووەکەدا، هەناسەی نەمابوو و هەر لەبەر ئەوەش گیانی لەدەستدابوو، دوای رێکارەکانی نەخۆشخانە، تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی کۆیە کرا”.
وتیشی، گەنجەکە ناوی (هـ.ج) و تەمەنی 23 ساڵە و سێ مانگە هاوسەرگیری کردووە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری