19ـى ئایار
33 ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەمجار هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ئەنجامدرا
964+
وریا فەتاح
هێشتا بە تەواوەتى ئازار و نارەحەتییەکانى بەعس لەسەر جەستە و دەروونى هاوڵاتیان لانەچووبوو، بەڵام بە ماوەیەکى کەم لە دواى راپەڕینى 1991، هەرێمى کوردستان چووە ناو قۆناغێکى نوێى ژیانى سیاسیى و لە 19.5.1992، یەکەمین هەڵبژاردنى پەرلەمانى بەڕێوە برد.
ھەڵبژاردنەکە بۆ 100 کورسی پەرلەمان بوو لەگەڵ ئەوەشدا پێنج کورسی تایبەتکرا بۆ پێکهاتەکان، واتا پەرلەمان لەوکاتەدا لە 105 کورسى پێکهاتبوو.
سیستمى هەڵبژاردنەکە بەشێوەیەک بوو، دەبوو ئەو حیزبەى کورسى بەدەستبهێنێت، بتوانێت بەربەستى 7% تێپەڕێنێت.
لەو رۆژەدا، هەڵبژاردنەکە پڕبوو لە گڕوتینو حەماسەت، یەکەمجاربوو گەلى کورد خۆى بڕیار لە چارەنوسى خۆى بدات و بەشدارى لە هەڵبژاردن بکات.
چەند زانیارییەک بە ژمارە
178 بنکەی دەنگدان پێشوازیان لە لێشاوى دەنگدەران دەکرد
ژمارەى دەنگدەر: یەک ملیۆن و 112 هەزار کەس
بەشدارى لە دەنگدان: 971 هەزار و 953، بەڕێژەى 87.4%
بایکۆتى دەنگدان: 140 هەزار و 47، بەڕێژەى 12.6%
پارتی دیموکراتی کوردستان براوەی ھەڵبژاردنەکە بوو بەوەی توانی 51 کورسی بەدەستبھێنێت، لەبەرامبەردا یەکێتیی نیشتمانی کوردستان توانی 49 کورسی بەدەستبھێنێت. بەڵام دواتر بەڕێککەوتنێک پارتی دیموکراتی کوردستان کورسییەکی دیکەی بە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بەخشی بەمەش ھەردوو حیزب بوون بە 50 کورسی و ھەردوو حیزبەکەش بەیەکەوە حوکمڕانی هەرێمى کوردستانیان دەستپێکرد.
لە 4ـی حوزەیرانی 1992، جەوھەر نامیق سالم وەک سەرۆکی پەرلەمانی ھەڵبژێردرا، فوئاد مەعسووم سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق، وەک سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان دیاریکرا.
تائێستا شەش جار هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانى کوردستان ئەنجامدراوە بەم شێوەیە:
هەڵبژاردنى خولى یەکەمى پەرلەمانى کوردستان لە 19.5.1992
هەڵبژاردنى خولى دووەمى پەرلەمانى کوردستان 30.1.2005
هەڵبژاردنى خولى سێیەمى پەرلەمانى کوردستان 25.7.2009
هەڵبژاردنى خولى چوارەمى پەرلەمانى کوردستان 21.9.2013
هەڵبژاردنى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان 30.9.2018
هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان 20.10.2024