ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆمارى راگوزەرى سوریا
عێراق پێشوازى لێدەکات؟
ئەگەر هەیە سبەى شەرع لە بەغدا بێت
964+
وریا فەتاح
سبەى لوتکەى عەرەبى لە بەغدا بەڕێوە دەچێت، هەرچەندە بەهۆى ناکۆکییەکانەوە پێشتر ئەحمەد شەرع رایگەیاندبوو کە بەشدارى لوتکەکە ناکات، بەڵام وتەبێژى حکومەتى عێراق دەڵێت: ئەگەر بێت پێشوازى لێدەکەین.
ئەمڕۆ هەینی، باسم عەوادى وتەبێژی حکومەتی عێراق، لە لێدوانێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەوانەیە گۆڕانکاری لە نوێنەرایەتی سوریا لە لوتکەی عەرەبیدا رووبدات، لە وەزیری دەرەوە بۆ ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سوریا.
جەختیش دەکاتەوە، ئەگەر شەرع بەشدارى لوتکەى عەرەبى بکات لە بەغدا، بەخێرهاتنى دەکرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، بەهۆى ناکۆکییەکانیان لەگەڵ حکومەتى نوێى سوریا، ئەحمەد شەرع بڕیاریدا کە سەردانى عێراق ناکات و بەشدارى لوتکەى عەرەبى ناکات، بەڵکو شاندێک بە سەرۆکایەتى وەزیرى دەرەوە نوێنەرایەتى سوریا دەکات لە لوتکەکەدا، بەڵام رووداوەکانى دوو رۆژى رابردوو و سوککردنى سزاکانى سەر سوریا، ئەگەرێکى بەهێزن بۆ ئەوەى شەرع سەردانى بەغدا بکات و بەشدارى لوتکەى عەرەبى بکات.
سبەینێ شەممە، 34ـەمین لوتکەى عەرەبى لە بەغداى پایتەخت دەستپێدەکات، کەشوهەوا و قەیران و گۆڕانگارییە سیاسییەکان و کاریگەریان لەسەر گۆڕەپانى عەرەبى، قسەوباسى لوتکەکە دەبن و سەرۆک و وەفدە باڵاکانى وڵاتانى عەرەبى هەموویان لەوێ دەبن.