وتەبیژى کەجەکە، زاگرۆز هیوا
"پێویستە ئۆجالان ئازاد بکرێت"
کەجەکە: کەس باسی دانان و رادەستکردنی چەکی نەکردووە
964+
وریا فەتاح
دواجار کەجەکە قسەى خۆى کرد و دەڵێت: کەس باسی دانان و رادەستکردنی چەکی نەکردووە، جەختیش کە دانوستان بۆ پرۆسەی ئاشتی هێشتا دەستی پێنەکردوە، چونکە هەردوولا لەسەر ناوی پرۆسەکە هاوڕا نین.
زاگرۆز وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە لە دیمانەیەکی تایبەتیدا لەگەڵ کەناڵی ستێرکى نزیک لە پەکەکە رایگەیاند: ناتوانن بڕیارەکانى کۆنگرەى 12 وەک بڕیاری دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی پێناسە بکەن، لەڵکو باشتر وایە ئەم بڕیارانە وەک بڕیاری سەردەمێکی نوێ بەناوی سەردەمی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک پێناسە بکەین.
دەشڵێت: دانوستان بۆ پرۆسەی ئاشتی هێشتا دەستی پێنەکردوە، چونکە هەردوولا کە (مەبەست لێى تورکیا و پەکەکە)یە، لەسەر ناوی پرۆسەکە هاوڕا نین.
پێى وایە، تورکیا تائێستا دەستەواژەى تیرۆر بۆ پرۆسەکە بەکار دەهێنێت، بۆیە پێى وایە ئەمە زمانێکى نەگونجاوە، چونکە هەست و دەرون و ویژدانی گەلی کورد بریندار دەکات، جەختیش دەکاتەوە، بۆ ئەوەی پرۆسەیەک بە ناوی ئاشتی دەستپێبکات، پێویستە سەرەتا زیهنییەتی دەوڵەتی تورک بگۆڕدرێت.
چەک دادەنێن
هەرچەندە پەکەکە لە دەرەنجامەکانى کۆنگرەى 12 گەیشتووە بە بڕیارى چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوە، بەڵام وتەبێژى کەجەکە لەو دیمانەیەدا وتى،” کەس باسی دانان و رادەستکردنی چەکی نەکردووە، چونکە ئێستا زەمینەی ئەوە لە ئارادا نییە و هێشتاش تورکیا لە هێرشەکانی دژی گەریلا بەردەوامە، لە دۆخێکى وەهادا چۆن دەتوانرێت چەک دابنرێت، بۆیە کاتێک باس لە چەکدانان دەکرێت، پێویستە باسی پاشەکشێی سوپای “داگیرکەری تورک” لەسەر خاکی باشووری کوردستان بکەین”.
بە بڕواى زاگرۆس هیوا، پێویستە ئۆجالان ئازاد بکرێت و بە فیزیکى لە کەشێکى ئازادانەدا کاربکات بۆ سەرخستنى پڕۆسەکە.
دواى زیاتر لە چوار دەیە لە خەباتى چەکدارى، سەرەنجام رۆژانى 5 بۆ 7ـى مانگى ئایارى 2025، پەکەکە کۆنگرەى 12ـى نائاسایى خۆى بەست و لە رۆژى 12.5.2025 دەرەنجامەکانى کۆنگرەى ئاشکراکرد و بڕیاریدا خۆى هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.