سبەی حاجییانی كوردستانیش بەڕێدەكەون
یەكەم كاروانی حاجییان سنووری عێراقیان بەرەو سعودیە بڕی
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
یەكەم كاروانی حاجییانی عێراق بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەجی ئەمساڵ، لە سنووری عەڕعەڕەوە چوونە ناو خاكی سعودیە، حەج و عومرەی كوردستانیش دەڵێت، حاجییانی خۆمان سبەی بەڕێدەكەون.
كاروانی حاجییانی عێراق، ئەمڕۆ لە چەند شارێكی عێراقەوە بەڕێكەوتبوون و لە كەربەلا كۆبوونەوە، دواتر بەرەو سعودیە بەڕێكەوتن.
دەستەی حەج و عومرەی عێراق رایگەیاند، كاروانی حاجییان چوونە ناو خاكی سعودیەوە، كە لە 4581 حاجی پێكهاتوون و بە 192 پاس دەگوازرێنەوە.
دەستەی حەج و عومرەی عێراق خۆی سەرپەرشتی گواستنەوە و پێشوازیی دەكات لە ناو سعودیە.
ئاماژەیان بەوەش كردووە، پاسی حاجیان بە سیستمی GPS كۆنتڕۆڵ كراوە، بۆ ئەوەی ئاگاداریی جووڵەیان بن و ئاگاداریان بن.
هەروەها ئاشكرایان كرد، بۆ یەكەمجارە ئینتەرنێت لە ناو پاسەكان دابین كراوە، بۆ ئەوەی حاجییەكان لەگەڵ كەسوكاریان لە پەیوەندیدانبن.
دەستەكە دەڵێت، كاروانی حاجیانی عێراق بەرەو سعودیە، تا 23ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
لە بارەی حاجییانی كوردستانیشەوە، كاروان ستوونی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستانیش ئەمڕۆ پێنجشەممە 15.5.2025 بە 964ی راگەیاند، سبەی و دووسبەی 16 و 17ی ئەم مانگە، كاروانی حاجییانی كوردستان بەرەو سعودیە بە رێگەی وشكانی بەڕێدەكەون، كە ژمارەیان هەزار و 645 حاجییە، دواتریش لە رۆژی 19ی ئەم مانگە سێ هەزار و 491 حاجی دیكە بە فڕۆكە لە هەولێر و سلێمانییەوە بەرەو ماڵی خوا بەڕێدەكەون.