"مژین و بەستنی برینەکە هەڵەیە"

لەکاتی پێوەدانی مار و دووپشک چی بکەین؟

964+

ئاکام غەفور-سۆران

لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما، مار و دووپشکیش دەردەکەون و هەندێک جار مەترسی بۆسەر گیانی هاوڵاتیان دروست دەکەن، پزیشکێکی پسپۆڕ بۆ 964 دەدوێ و چەند رێنماییەکی گرنگ بۆ کاتی پێوەدانی ئەو خشۆکانە دەخاتەڕوو.

ئەوەی کە باوە لەکاتی پێوەدانی مار، بەستنی شوێنەکەیە بە پەڕۆ یان بریندارکردنیەتی بۆ ئەوەی خوێنی لێ بێت، یان زۆر جار باس لە مژینی شوێنی پێوەدانەکە دەکرێت بۆ ئەوەی ژەهرەکە بێتە دەرەوە، ئەو پزیشکە هەموو ئەو شێوازانە رەتدەکاتەوە  و دەڵێت، چارەسەری هەڵەن و نابێت بکرێن.

د. فازڵ یابە پزیشکی نەشتەرگەری گشتی، بۆ 964 باسی چارەسەری سەرەتایی دەکات لە کاتی پێوەدانی مار و دووپشک و دەڵێت، “پێویستە کەسەکە لە شوێنی رووداوەکە دوربخرێتەوە، لە سەر پشت رابکشرێت و زۆر جوڵەی پێ نەکرێت، کەسانی دەورووبەریشی دڵنەوایی بکەن و ورەی بەرز بکەنەوە”.

وەک باسی دەکات، پێوەدانی مار، کاریگەری لەسەر دڵ و خوێن و دەمار هەیە، ئەگەر کەسەکە بە زوویی چارەسەر نەکرێت زۆر جار دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی کەسەکە.

د. فازڵ یابە، باس لە هەڵە باوەکان دەکات لە کاتی پێوەدانی مار و دووپشک  و دەڵێت، هەوڵدان بۆ گەورە کردن و دروست کردنی برین بە چەقۆ و موس کارێکی هەڵەیە و لەگەڵ ئەوەشدا نابێت بە هیج جۆرێک شوێنی پێوەدانەکە ببەسترێت، تەنانەت ئەگەر کەسەکە مستیلەی لە دەست بوو یان گۆرەوییەکەی توندی لەپێبوو، دەبێت لاببرێت بۆئەوەی خوێن هاتوچۆ بکات.

یەکێکی تر لە چارەسەرە باوەکان ئەوەیە کە کەسێک شوێنی پێوەدانەکە دەمژێت بۆ هێنانەدەرەوەی ژەهرەکە، بەڵام ئەو پزیشکە ئەوەش رەتدەکاتەوە، و دەڵێت، “ئەگەر ئەو کەسە برین لە دەمی یان هەناوی هەبێت، ژەهرەکە کاریگەری خراپ لەسەر ئەویش دروست دەکات”.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

چوار کەس لە جەژندا بەهۆی پێوەدانی مار و دووپشک براونەت...

چوار کەس لە جەژندا بەهۆی پێوەدانی مار و دووپشک براونەتە نەخۆشانە

لە سۆران هەر رۆژێک سێ کەس مار یان دووپشک پێوەیداون

لە سۆران هەر رۆژێک سێ کەس مار یان دووپشک پێوەیداون