كیسێكیان لەناو سكی دەرهێناوە 250 گرامە
لە كەركوك نەشتەرگەری بۆ منداڵێکی ساوا کرا؛ تەمەنی 20 رۆژە
محەمەد فاتیح
ئەو كارە دەگمەنانەی دەكرێن بۆ رزگاركردنی ژیانی مرۆڤەكان جێگەی سەرنجە و هەنگاوێكی دڵخۆشكەرە، لەیەكێك لەم كارانە لە شاری كەركوك نەشتەرگەرییەکی دەگمەن بۆ کچێکی ساوای 20 رۆژە ئەنجامدرا.
نەخۆشخانەی ئافرەتان و منداڵانى كەركوك بڵاویكردەوە، تیمێکی نەشتەرگەری تایبەتمەند لە نەخۆشخانەکە بە سەرکەوتوویی کیسێکیان لە هێلکەدانی راستى کۆرپەیەکی تەمەن 20 رۆژە دەرهێنا کە کێشی نزیکەی 250 گرام بوو.
د. ئوسر محەمەد پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری منداڵان و تازەلەدایکبووان كە سەرپەرشتی نەشتەرگەریەکەی كردووە، دەڵێت “دوای بەدواداچوون بۆ حاڵەتەکە و ئەنجامدانی هەموو پشکنینە پێویستەکان بەتایبەتی پشکنینی (سپایراڵ سی تی)، کیسێک دۆزرایەوە کە قەبارەکەی نزیکەی 6.8 * 6.6 سم بوو، نەشتەرگەرییەکە بە سەرکەوتوویی بۆ کچەکە ئەنجامدرا و لەئێستادا حاڵەتی باشە و چارەسەر وەردەگرێت.