پڕۆژەی رووناکی قسەی هەیە

نرخی کارەبا 24 کاتژمێرییەکە بەرەو جێگیربوون دەچێ و بڕیارێکی ماوە

ئەحمەد مستەفا

تیمی پڕۆژەی رووناكی ئەوەی یەکلاکردەوە، کە وەزارەتی كارەبا بەرپرسە لە دیاریكردنی نرخی كۆتایی كارەبای 24 كاتژمێری بۆ هاوڵاتیان و بەمزووانە دیاری دەکات.

تا ئێستا پڕۆژەکە لە زۆرینەی گەڕەکەکانی، هەولێر، لە بەشێک لە سلێمانی و هەڵەبجە و دهۆک دەست بە جێبەجێکردنی کراوە.

تیمی پڕۆژەی ڕووناكی لەبارەی دیاریكردنی نرخی كارەبای 24 كاتژمێری ئەمڕۆ هەینی 9.5.2025 روونکردنەوەیەکی هەیە و دەڵێت، وەزارەتی كارەبا بەرپرسە لە دیاریكردنی نرخی كۆتایی كارەبای 24 كاتژمێری و ئامانجیان دانانی نرخێكی دادپەروەرانەیە بۆ سەرجەم هاوڵاتیان.

پڕۆژەکە دەڵێ، ئەو نرخە كارەبایەی ئێستا بۆ هاووڵاتیان لەبەرانبەر كارەبای 24 كاژمێری دیاریكراوە، نرخێكی ئەزموونییە و نرخی جێگیر و كۆتایی لەلای خودی وەزارەتی كارەبای هەرێمە و لە زووترین كاتدا نرخی كۆتایی دیاری دەكات.

بە گوێرەی نرخی ئەزموونی کە داشکاندنی بۆ کرا، ئەگەر 24 کاتژمێر بەردەوام کارەبا بەڕێژەی 220 وات بەکارنهێندرێ، مانگانە دەبێتە 158 کیلۆوات و 40 وات، ئەگەر نرخی یەک کیلۆوات 80 دینار بێت، تێچووەکەی دەبێتە 12 هەزار و 750 دینار، ئەگەر لە سەرەتا یان ناوەڕاستی مانگەکەدا، 400 کیلۆوات زیاتری بەکارهێنرا، ئەوکاتە نرخی هەر کیلۆواتێک لەسەری بە 100 دینار هەژمار دەکرێ، لەو کاتەدا تێچووی 220 وات لەسەری دەبێتە 15 هەزار و 840 دینار.

بەڵام ئەم نرخە ئەزموونییە، روون نییە وەزارەتی کارەبا بەچ پێوەرێک و لەسەر هەر کیلۆواتێک چی بڕە پارەیەک دیاری دەکات و جێگیر دەکرێ.