خەڵکی سیدەکان هەواڵە خۆشەکەیان پێگەیشت

میدیازان- كوردستان ئەحمەد- هەولێر 

هەشت ساڵە دروستکردنی نەخۆشخانەی سیدەکان وەستاوە، بەڵام ئەمساڵ خەڵکی ناوچەکە هەواڵە خۆشەکەیان پێ گەیشت، دەست کرایەوە بە دروستکردنی نەخۆشخانەی ٢٥ قەرەوێڵەیی سیدەكان.

 ئیحسان چەلەبی بەڕێوبەری ناحیەی سیدەكان بەمیدیازانی وت: نەخۆشخانەكە ساڵی ٢٠١٤ بەردی بناغەی دانرا و توانرا ٪١٧ی تەواو بكرێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەخۆشخانەكە وەستێنرا و ئەمساڵ واتە ساڵی ٢٠٢٢ جارێكی دیكە دەست کرایەوە بەکارکردن تیایداو ئێستا ٪٥٥ ی نەخۆشخانەكە تەواو بووە.

 نەخۆشخانەكە لە ٢٥ قەرەوەێڵە پێكدرێت و هەموو بەشەكانی وەك بەشی منداڵان و بەشی نەشتەرگەری گشتی تێدا دەبێت و لە ناوەراستی ساڵی داهاتوو بەرووی هاووڵاتیاندا دەكرێتەوە.

 سێ ملیار و ٤٤٢ ملیۆن و ٣٨٤ هەزار دیناری بۆ تەرخانكراوە و پێكدێت لە چەند بەشێك جیاوازی پزیشكی كە پێشتر ئەو بەشانە لە نەخۆشخانەكانی سیدەكان نەبوون.

 بەڕێوبەری ناحیەی سیدەکان وتیشی:” دوو بنكەی تەندروستی لە ناحیەكەمان تەواو بوون و لە سەرەتای مانگی ١٢ بەرووی هاووڵاتیاندا دەكرێنەوە كە بڕی ١٠٠ ملیۆن دینار تێچوویان بووە.
ناحیەی سیدەكان، دەكەوێتە باكوری قەزای سۆرانەوە سەر بە پارێزگای هەولێرە و ٥٠ كیلۆ مەتر لە سەنتەری  قەزای سۆرانەوە دورەو ١٧٠ كیلۆمەتر لە سەنتەری پارێزگای هەولێرەوە دوورە.