مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی - وێنە: 964
بڕیاری ئیدارەی شارەکەیە
لە سلێمانی مەیدانی ئاژەڵانی لێ دەرچێ فرۆشتن لەهیچ شوێنێکی تر نابێ بکرێ
964+
ئەحمەد مستەفا
بەرپرسانی ئیداریی لە سلێمانی هەر لە ئێساوە رێکاریان بۆ جەژنی قوربان گرتووەتەبەر و دەڵێن، بۆ جەژن جگە لە مەیدانی ئاژەڵان، رێگا نادرێت لە هیچ شوێنێکی دیکە مامەڵەی فرپشتن بە ئاژەڵەوە بکرێت.
ئەوەشیان چەسپاندووە، کە ئاژەڵ دەبێت تەنیا لە کوشتارگەی سلێمانی سەربڕینی بۆ بکرێ، چونکە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە ناوە و دەیانەوێ خەڵک لە توشبوون بپارێزن.
ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی و لەیلان عومەر و بەپرسانی ئیدارەی ئەمڕۆ چوونە مەیدانی ئاژەڵان لە شارەکە، دواتر قسەیان بۆ نوێنەری کەناڵەکانی راگەیاندن کرد، ئاوات محەمەد وتی، ئەمساڵ بۆ جەژنی قوربان، جگە لە گۆڕەپانی ئاژەڵان، لە هیچ شوێنێکی دیکە رێگە بە کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ نادرێ.
کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت ئامادەیی دەربڕیوە بێبەرامبەر پشکنین بۆ سەرجەم ئاژەڵان بکات، تا دەشتنیشانی هەر نەخۆشییەک بکات کە ئاژەڵەکە تووشی بووە، قایمقامی سلێمانی وتیشی، پێویستە ئاژەڵ تەنیا لەناو کوشتارگەی سلێمانی سەرببڕدرێت و رێگە نادەین لە شوێنە گشتییەکان، شەقام یان هەر شوێنێکی دیکە ئاژەڵ سەر ببڕدرێت.
هەرێمی کوردستان، تەنیا یەک توشبووی هەیە ئەویش گۆشتفرۆشێکە لە قەزای کۆیە و پەیوەندیی لەگەڵ ئاژەڵ هەبووە، ئێستا ئەو کەسە لە هەولێر چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت.