دوو تووشبووی تالاسیمیا لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن. فۆتۆ: سۆشیاڵ میدیا
زۆرترینى لە سلێمانییە
لە هەرێم سەروو سێ هەزار توشبووى تالاسیمیا هەیە
964+
ئەحمەد شەمزینی – هەولێر
لە هەرێمى کوردستان 3300 توشبووى تالاسیمیا هەیە و زۆرترینى لە سلێمانییە، داواش دەکرێت پێش پڕۆسەى پشکنینى خوێن مارەبڕین ئەنجام نەدرێت.
8ـى ئایارى هەموو ساڵێک، رۆژى جیهانى تالاسیمیایە.
سروە علی، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى كۆمەڵەی تاڵاسیمیای هەولێر بە 964ـى وت،” لەرووى دابینکردنى خوێنەوە زۆر باشین، بەشێوەیەکى بەردەوام خوێنمان بۆ دابیندەکرێت، بەڵام هەندێک پێداویستى و دەرمانى تر هەیە حکومەت ناتوانێت دابینى بکات، بۆیە لەو حاڵەتەدا چاومان لەدەستى خێرخوازانە”.
وەک باسى دەکات، یەکەم هەنگاو بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنى تالاسیمیا، پشکنینى پێشوەختەى خوێنە بۆ ئەو کەسانەى هاوسەرگیرى دەکەن، هەربۆیە داوا دەکات بەبێ پشکنین، مارەبڕین ئەنجام نەدرێت.
ئاشکراشى کرد، سێ هەزار و 300 توشبووى تالاسیمیا لە هەرێمى کوردستان بوونى هەیە کە هەزار و 156ـى لەهەولێرە بە ئاوارەکانیشەوە.
بە وتەى کۆچەر کەریم، سەرۆکى کۆمەڵەى تالاسیمیاى سلێمانى، لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە و گەرمیان، هەزار و 387 توشبووى تالاسیمیا هەیە.
لە بارەى تووشبووى نوێى تالاسیمیا، سەرۆکى کۆمەڵەى تالاسیمیا لە لێدوانێکیدا کە رۆژى 8.1.2025 بۆ 964 داویەتى، وتى، “خۆشبەختانە بەهۆى ئەو پلان و بەرنامەیەى دامانناوە بۆ رێگریکردن لە تەشەنەکردنى و ئەو هۆشیارییەى لەسەرى بڵاو دەکرێتەوە، دوو ساڵە 2023 بۆ 2024، لە ناو سەنتەرى شارى سلێمانى، هیچ تووشبوویەکى نوێى تالاسیمیا تۆمار نەکراوە”
هەرچەندە هیچ شتێکى ئامارەکە 100% دروست نییە، بەڵام بەپێى ئامارێکى بەردەست 964 لە پارێزگاى دهۆک 964 توشبووى تالاسیمیا لە دهۆک و ئاکرێ هەیە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح