default
دارستانێكی جوانیشیان بۆ خەڵك ئامادە كردووە
هەڵمەتێك بۆ چاندنی سەدان نەمام لە شۆڕش دەستیپێكرد
964+
محەمەد فاتیح
لە درێژەی پاراستنی ژینگەی هەرێمی كوردستان و سەوزكردن و جوانتركردنی، هەڵمەتێكی بەرفراوانی سەوزكردن و نەمام چاندن لە سنوری ناحیەی شۆڕشی قەزای چەمچەماڵ دەستیپێكرد و بە سەدان نەمامیان چاند.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی بڵاویكردەوە لە هەڵمەتەكەدا 400 نەمامیان لە ناحیەی شۆڕش چاندووە و ئامانج لێی سەوزكردن و پاكڕاگرتنی ژینگەی ناحیەكەیە.
بورهان عەبدوڵا سەرۆكی شارەوانی شۆڕش وتى،” ئێمە ساڵانە كە نەمام دەچێنین ئەمانەوێت لە فەوتان رزگاری بكەین و بتوانین خزمەتی بكەین، ئەركی ئێمە لێرەدا تەواو نابێت، بەڵكو پاراستنى درەختەكان و دابینكردنی ئاو بۆیان ئەركی بەردەواممان دەبێت، چونكە شۆڕش و قەزای چەمچەماڵ بێئاون و دەبێت لەئێستاوە لە خەمی دابینكردنی ئاودا بین تاكو نەمامەكان ڕووبەڕووی وشكبوون نەبنەوە.
“لەئێستادا بەشێكمان تەواوكردووە كه سێ ساڵ پێش ئێستا چێندراوە و زیاتر لە 600 نەمامە و توانیمان بیكەین بە دارستانێكی جوان و تەلبەندەكەشی لادەبین بۆ حەسانەوەی خەڵك” بورهان عەبدوڵا واى وت.
نەمامەكان لە جۆری سنەوبەرن وەك بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی باسی لێوە دەكات، دیمەنێكی جوانتریشى دەبێت وەك باخێك خۆی نیشان دەدات و تەلبەند دەكرێت بۆ پاراستنی لە سووتان یان شێواندیان لەلایەن كەسانی نەفس نزمەوە، هەروەها بۆ رێگریكردن لە ئاژەڵەكان تاكو نەیخۆن.
داواش دەكات هەموو كەسێك نەمامێك لەبەردەم ماڵەكەی بچێنێت بۆ پاراستنی ژینگە كه سوودی بۆ هەمووانە ، بۆ نموونە لەكاتی خۆڵبارین، خۆڵ و تۆز كەمدەكاتەوە و سێبەری دەبێت و بۆ گەرماش سوودی دەبێت.