لە کوێستانەکانی هەڵشۆ

هاوڵاتییەک مین پێیدا تەقییەوە و برینداربوو

محەمەد عەلی ـ پشدەر

هاوڵاتییەک بۆ کۆکردنەوەی گیا بەهارییەکان روویکردە کوێستانەکانی ناحیەی هەڵشۆ، لەکاتی گەڕانەوەدا مین پێیدا تەقییەوە و برینداربوو.

عوسمان بابەکر دانیشتووی ناحیەی هەڵشۆ بە 964ـی وت، “نزیکەی کاتژمێر 10ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەواڵمان پێگەیشت کە مین بە خزمێکمان تەقیوەتەوە کە تەمەنی 45 ساڵە و خاوەنی چوار منداڵە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هاوڵاتییە دانیشتووی هەڵشۆیە، دوای برینداربوونی، لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە هێنراوەتە خوار و رەوانەی نەخۆشخانەی قەڵادزێ کراوە.

لەوبارەیەشەوە ئازاد ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێرکاری قەڵادزێ بە 964ـی وت، “کاتژمێر 12:35خولەک بریندارێکیان هێنا بۆ نەخۆشخانەکەمان و وتیان مین پێیدا تەقیوەتەوە، قاچی بریندارە و چارەسەری بۆکراوە، ئێستاش لە ژێر چاودێریی پزیشکیدایە، بەڵام برینەکەی قورس نییە”.

ساڵانە و لە وەرزی بەهاردا، بەشێک لە هاوڵاتیان بۆ کۆکردنەوەی گیا بەهارییەکان روو لە ناوچە شاخاوییەکان دەکەن و هەندێک جارێکیش بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی و تەقینەوەی مین، بریندار دەبن و گیان لەدەستدەدەن.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری