964 لە پێشانگەی ئۆتۆمبێلەكانی هەولێرە
تەرزەكەی ئەم رۆژانە چەند زیانی بە نرخی ئۆتۆمبێلەكان گەیاندووە؟
+964
ئەحمەد شەمزین- هەولێر
ئەو تەرزەیەی لەو رۆژانەی رابردوو باری، زیانی زۆری بە ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان گەیاندووە، بە تایبەتی لە دەرەوەی شاری هەولێر.
پەیامنێری 964 سەردانی پێشانگەی ئۆتۆمبێلەكانی كرد لە هەولێر و هەولێ دا بزانێت مامەڵە و كڕین و فرۆشتن بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە چۆنە، كە بەر تەرزە كەوتوون و بوونەتە “تەرزەكوت”.
رزگار ئەحمەد خاوەن پێشانگەی ئۆتۆمبێل بۆ 964 وتی، بە گوێرەی بەركەوتن بە تەرزە و بە پێی جۆری ئۆتۆمبێلەكە نرخی دەگۆڕێت، هەیە زۆری پێكەوتووە هەیە كەمی پێكەوتووە، بە گشتی ئۆتۆمبێل 500 دۆلار تا هەزار دۆلار نرخی دادەبەزێت.
ئیبراهیم ئەحمەد 25 ساڵە كاری كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلە، ئەو بۆ 964 وتی، لە هەولێر زیانی تەرزە كەم بوو، بەڵام لە سۆران و قوشتەپە زیاترە زەرەر و زیانی بە ئۆتۆمبێلەكان گەیاند”.
وتیشی، بازاڕ بەخۆی سفر بوو، ئەو تەرزە و خۆڵبارینەش زیاتر بازاڕەكەی سفر كرد.
هەروەها هەڵدێر سورچی بە هەمان شێوە فرۆشیاری ئۆتۆمبێلە و دەڵێت، ئۆتۆمبێل هەیە بایی سێ هەزار دۆلارە، ئەمە حیسابی تەرزەكوتی لەگەڵ ناكرێ، بەڵام ئۆتۆمبێل هەیە ئەگەری هەیە چوار هەزار دۆلار زیانی بەركەوێت، بە تایبەتی مۆدێل بەرزەكان.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا