بزانە ئەكاونتەكەت چەند كاتی پێویستە بۆ هاك كردنی
964 زانیاری لەسەر پاراستنى ئەكاونت بڵاودەكاتەوە
964+
محەمەد فاتیح
لە سەردەمێکدا کە تەکنەلۆژیاکانی هێرشی ئەلیکترۆنی بە خێرایییەکی سەرسوڕهێنەر پێشدەکەون و ئەكاونتی کەسی و بانکی بە ئاسانی هاک دەکرێن، ئاسایشی دیجیتاڵی چیتر شتێکی ئارەزوومەندانە نییە بەڵكو پێویستییەکی ژیان و بەرپرسیارێتییەکی تاکەکەسيە کە پێویستی بە هۆشیاری و زانینی وردی شێوازە ئەمنییەکان هەیە.
کۆمپانیای Hive Systems لەمساڵدا لێكۆڵینەوەیەكی نوێی ئەنجامداوە كه موهەنەد حەبیب سەماوی سەرپەرشتیاری گشتی سەنتەری میدیای دیجیتاڵی عێراق بڵاوی كردەوە و بە 964ـی وت، “کۆمپانیای Hive Systems کە بنکەکەی لە ئەمریکایە بۆ ئاسایشی ئەلیکترۆنی و شیکاری دیجیتاڵی، لە ساڵی 2020ەوە ساڵانە ئەم توێژینەوەیە بڵاودەکاتەوە”.
ئەو دەڵێت، “ئامانج لە توێژینەوەکە نیشاندانی ئەو کاتەیە کە هاکەرێک پێویستی بە هێرشێکی بەناو “هێزی دڕندە” هەیە، لەسەر بنەمای درێژیی و ئاڵۆزی وشەکە (ژمارە، پیت، هێما)”.
بەپێی توێژینەوەكە بزانە هاك كەرێك چەند كاتی پێویستە بۆ دۆزینەوەی وشەی نهێنیەكەت:
-وشەی نهێنی کە تەنها لە 4 ژمارە پێکهاتووە (بۆ نموونە 1234) دەستبەجێ هاک دەکرێت.
-پاسۆردێکی 6 پیتی کە هەردوو پیتی بچووک و گەورەی تێدایە دەتوانرێت تەنها لە ماوەی دوو ڕۆژدا هاك بكرێت.
-وشەی نهێنی8پیتی كە هێما و پیت و ژمارە لەخۆدەگرێت له ڕووی تیۆریەوە 164 ساڵ دەخایەنێت تا هاك بكرێت.
-وشەی نهێنی 10 پیتی بە بەکارهێنانی ژمارە + پیتی جۆراوجۆر + هێما 803 هەزار ساڵ دەخایەنێت بۆ هاك كردنی.
-وشەی نهێنی 12 پیتی کە گۆڕانکاری تەواوی تێدایە (پیتە گەورە و بچووکەکان + ژمارە + هێما) 3 ملیار ساڵ دەخایەنێت بۆ هاك كردنی.
تەكنەلۆژیا
بەڵام سەرەڕای هەموو شتێك بۆی هەیە ئەكاونتەكەت هاك بكرێت و بۆ سەلامەت راگرتنی ئەم خاڵانە جێبەجێ بكە:
– دروستکردنی وشەی نهێنی درێژ و ناوازە و هەمەچەشن.
– باشترە لە 12 پیت زياتر بێت.
– باشترە پیت و ژمارە و هێما لە خۆ بگرێت.
– وشەی نهێنی لە نێوان سایت و ئەکاونتەکاندا دووبارە مەکەرەوە.
– بە بەردەوامی وشەی نهێنی بگۆڕە.
– دوور بکەوەرەوە لە ناوە باو و ناسراوەکان و بەرواری لەدایکبوون.