یاریگەی فرانسۆ هەرێری. فۆتۆ:964
نزیكەی دوو ملیاری بۆ دانراوە
نۆژەنكردنەوەی یاریگەی نێودەوڵەتیى فڕەنسۆ هەریری دەستێپێدەكات
ئەرسەلان عەبدوڵا
دوای چاوەڕوانییەكی زۆر بڕیاردرا یاریگەی فڕەنسۆ هەریری لە هەولێر نۆژەن بكرێتەوە، سەرۆكی یانەی هەولێریش رایگەیاند، كۆمپانیاكە هاتوون و سەیری یاریگەیان كردووە.
تاهیر سابیر سەرۆكی كاتیی یانەی هەولێر بە 964ی راگەیاند، بە بڕیاری پارێزگای هەولێر یاریگەی فڕەنسۆ هەریری نۆژەن دەكرێتەوە و بڕی نزیكەی دوو ملیار دیناری بۆ تەرخان كراوە.
وتیشی، ئەمڕۆ بەڵێندەری كۆمپانیای جێبەجێكار هاتوون و سەیری یاریگەیان كردووە، كە چیمەن، كورسی و پەیژەكان، ژووری جلگۆڕین و خزمەتگوزاری و دەرگاكان و چەند شوێنێكی دیكە پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە.
سەرۆكی یانەی هەولێر لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بەوەدا، ئێستا یانەكەی پێویستی بە پارە و پاڵپشتیی دارایی هەیە، چونكە چەند یارییەكیان لە خولی عێراق ماوە و تیپەكانی دیكەی جگە لە تۆپی پێش یارییان لە دەرەوەی هەولێر هەیە، ئەمە جگە لەوەی موچەی یاریزانەكانیش قەرزارن.
بە پێی راگەیاندراوی پارێزگای هەولێر، بڕی یەك ملیار و 900 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنكردنەوەی یاریگەكە تەرخان دەكرێت و لە دوای كۆتاییهاتنی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەكانی عێراق، كاری نۆژەنكردنەوەكە دەستپێدەكات، كە پێدەچێت بكەوێتە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو.
پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەش كردووە، ئەمڕۆ لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار كۆبوونەوەیان كردووە و وردەکاریى گۆڕینی چیمەنی یاریگەکە بۆ جۆرى ( هاى بێرد) کە زۆربەى یاریگە گەورە و جیهانییەکان بەو چیمەنە فەرشکراوە و کات و شێوەى دەستپێکردنى پڕۆژەکە خراوەتەڕوو.
یاریگەی فڕەنسۆ ھەریری، یاریگایەکی نێودەوڵەتیی شاری هەولێرە و بارەگەی یانەی ھەولێریشە.
یاریگەكە لە كۆتایی پەنجاكانی سەدەی رابردوو دروست كراوە و لە 1999 جارێكی دیكە لە لایەن پارێزگاری ئەوكاتی هەولێر “فڕەنسۆ هەریری” دووبارە بنیادنرایەوە، دواتریش لە 2001 یاریگەكە بە ناوی ئەو كەسایەتییەوە كرا، دوای ئەوەی تیرۆر كرا.
یاریگەكە چەند جارێك چیمەن و مەقسورەی سەرەكی نۆژەنكراوەتەوە، بەڵام نۆژەنكردنەوەیەكی سەرتاسەری نەبووە.