"کڕین و فرۆشتنی شوێنی گۆڕ نایاسییە"
زەوی دەستناکەوێت و گۆڕستانیش بووە بە پارە
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
ئەگەر پارچە زەویەکت نەبێت لە گۆڕستانەکان دەبێت تەرمەکەی ببەیتە شوێنێکیتر، ئێستا زەوی گۆڕستان لە دەستی دوو مامەڵەی پێوەدەکرێت لە ژینگەپارێزیش دەڵێت شێوازەکە یاسایی نییە.
ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی بە 964ـی وت لە شاری هەولێر لە سێ دەیەی رابردوو لە گۆڕستانی فیردەوس و شێخ ئەحمەد لە هەولێر، حکومەت زەوی پارچە پارچە کردووە و داویەتی بە هاوڵاتیان، ئێستا داخراوە و شوێن نەماوە دابەشی بکەن، بەهۆی گەورەبوونی شاری هەولێر ئێستا داخوازی هاوڵاتیانی لەسەرە و لەدەستی دوو مامەڵەی پێوە دەکرێت.
وتیشی، بە پێی یاساکانی شارەوانی مامەڵەکردن بەو پارچە زەویانە یاسایی نییە، بە هیچ شێوەیەک بە ناویان ناکرێت، حکومەت لەسەریەتی هەر هاوڵاتیەک کە گیان لەدەست دەدات پارچە زەویەکی پێبدات نۆ مەتر چوارگۆشە دەدرێت بە هاوڵاتیان.
لەوەڵامی پرسیارێکی 964، سەبارەت بە گواستنەوەی گۆڕ بۆ ئەوەی هاوڵاتیەکە شوێنی گۆڕەکە بفرۆشێت ئەو وتی، “گواستنەوەی گۆڕ رێکاری تایبەت بە خۆی هەیە ئێمە نیەتی ئەو کەسانە نازانین کە بۆ گۆڕەکە دەگوازێتەوە، مانگانە چەند مامەڵەیەکی گۆڕ گواستنەوە هەیە ئێمە بەدواداچوون دەکەین، ئەگەر هیچ کێشەیەکی یاسایی نەبێت ئەوا رێگایان پێدەدەین بەڵام دوای ئەوە ئێمە نازانین بۆ مەرامێکە“.
لە شاری هەولێر بەفەرمی ئێستا چوار گۆڕستان هەیە ئەوانیش ،گۆڕستانی فیردەوس و گۆڕستانی شێخ ئەحمەد و گۆڕستانی کەسنەزان و گۆڕستانی ناڵەشکێن، لە ئێستادا دوو لەو گۆڕستانانە دابەش ناکرێت و تەنها لە دەستی دوو دەتوانرێت زەویت بۆ گۆڕ دەست کەوێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی