رەنگە ئێل نینۆ بگەڕێتەوە

رەنگە ناوەڕاستی ئەمساڵ گەرمایەکی سووتێنەر جیهان بگرێتەوە

ئەرسەلان عەبدوڵا

رێکخراوی کەشناسیی جیهانی، ئاشکرای کرد ئەگەری گەڕانەوەی دیاردەی کەشوهەوای ئێل نینۆ تا ناوەڕاستی ساڵی 2026 هەیە، ئەمەش مانای وایە گەرمایەکی بەتین بەڕێوەیە.

راپۆرتێکی رێکخراوەکە، کە ئەمڕۆ هەینی 24.4.2026 بڵاوکرایەوە، باسی لەوە کردووە، پێشبینییەکانی ئەم دواییە ئاماژەن بۆ بەرزبوونەوەی خێرای پلەی گەرمی رووی دەریاکان لە زەریای هێمن، ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە لە نێوان مانگی ئایار و تەمموزی ئەمساڵدا.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، پێشبینی دەکرێت دیاردەی ئێل نینۆ لە ناوەڕاستی ئەمساڵ بگەڕێتەوە، ئەم دیاردەیە کاریگەرییەکی فراوانی لەسەر شێوازی کەشوهەوای جیهانی دەبێت.

هەروەها باسی ئەوەش دەکات، پلەکانی گەرما لە سەرووی مامناوەندەوە لە زۆربەی رووبەرەکانی زەویدا لە ماوەی داهاتوودا زاڵ دەبن.

رێکخراوەکە روونیکردەوە کە دیاردەی ئێل نینۆ بە شێوەیەکی گشتی بەشدارە لە گەرمبوونی جیهان، بە تایبەت کاتێک هاوکاتە لەگەڵ کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کە لە ئەنجامی چالاکییەکانی مرۆڤەوە دروست دەبێت، ئەمەش ئەگەری شەپۆلی گەرما و رووداوە توندەکانی کەشوهەوا زیاد دەکات.

دیاردەی ئێل نینۆ چییە؟

دیاردەیەکە شێوازێکی کەشوهەوای سروشتییە کە هەر “دوو بۆ حەوت ساڵ” جارێک روودەدات، بەهۆی گەرمبوونی ئاوە گەرمەکانی زەریای هێمن و بە زۆری بۆ ماوەی نۆ بۆ دوانزە مانگ بەردەوام دەبێت.

ئێل نینۆ زۆرجار دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە سەرانسەری جیهان و گۆڕانکاری لە دابەشبوونی بارانبارین لە سەرانسەری ناوچەکاندا، لەوانە زیادبوونی بارانبارین لە هەندێک ناوچە و وشکەساڵی لە ناوچەکانی دیکە.

راپۆرتەکە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی، رەنگە جیهان لە لێواری کاریگەرییەکان بێت، کە توانای دووبارە داڕشتنەوەی شێوازەکانی کەشوهەوای جیهانی هەبێت، ئەمەش پێویستی بە چاودێریکردنی ورد و ئامادەکاری بۆ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای داهاتوو هەبێت.