تۆنی 850 هەزار دینار دەکات

دەست بە وەرگرتنی گەنم کرا؛ عەمباری پێویست ئامادەیە


ئەحمەد مستەفا

وەزارەتی بازرگانی عێراق بە پێدانی 850 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک گەنم دەستی بە وەرگرتنی کرد، پڕۆسەکەش سەرەتا لە شارەکانی کەربەلا و بابلەوە دەبێت.

ئەوە یەکەم هەنگاوی وەرگرتنی گەنمە لە ئەمساڵدا و وەزارەتەکە دەڵێ، پێداویستییەکانی عەمبارکردن دابین کراوە.

وەزارەتی بازرگانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردووە، لە پارێزگاکانى کەربەلا و بابل دەستیانکردووە بە وەرگرتنى گەنمی جوتیاران و پرۆسەی وەرگرتنی گەنم بەپێی تایبەتمەندی و ستانداردی پێویست و لەژێر سەرپەرشتی راستەوخۆی بەشی کۆنترۆڵی وەزارەتەکەیان و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی نیشتمانی بەڕێوەدەچێت.

وەزارەتەکە دەڵێ، ئەم پرۆسەیە گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراکی وڵات، چونکە هەموو پێداویستییەکان بۆ عەمبارکردنی گەنمی خۆماڵی بە شێوەیەکی سەلامەت و کاریگەر دابینکراوە.

پێشتر حکومەتى عێراق ئەوەی یەکلاکردووتەوە، ئەو گەنمانەى لە دەرەوەى پلانی وەرگرتنیشن لە جوتیاران وەردەگیرێن و بۆ ئەمساڵیش تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دینار دەبێ.