زیاتر لە هەشت تۆن کاڵەکی خراپبوو دەستی بەسەرداگیرا - وێنە؛ بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەڵەبجە
لە مەرزی شۆشمێ - تەوێڵە
زیاتر لە هەشت تۆن کاڵەکی خراپبوو دەستی بەسەرداگیرا
964+
شۆڕش قادری
لە مەرزی شۆشمێ – تەوێڵە زیاتر لە هەشت تۆن کاڵەکی خراپبوو دەستی بەسەرداگیرا و هەمووی گەڕێنداریەوە ئێران.
بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەڵەبجە، ئەمڕۆ شەممە 3.5.2025 لەلایەن هۆبەی کەرەنتینەی کشتوکاڵی و بە هاوکاری یاریدەدەرێتی ئاسایشی دەروازەی مەرزی شۆشمێ – تەوێڵە دەستگیراوە بەسەر بڕی هەشت تون و 710 کیلۆ کاڵەک کە خراپ بووە و شیاو نەبووە بۆ خواردن.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەلایەن لیژنەی گەڕاندنەوە و لەناوبردن کە لە سەرجەم فەرمانگەکانی ناو دەروازەی مەرزەکە پێکهاتوون بڕیاردراوە سەرجەم کاڵەکەکان بگەڕێندرێنەوە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.
مەرزی شۆشمێ پارێزگای هەڵەبجە دەبەستێتەوە بە پارێزگای كرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دوایين ناوچە لە دیوی هەرێمی كوردستانەوە شارەدێی تەوێڵەیە، كە 22 کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای هەڵەبجەوە دوورە و لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە، یەكەمین ناوچە كە پێیدەگات، شارەدێی پاوە و گوندی هانەگەرمەڵەیە، كە سەر بە پارێزگای كرماشانە.