بۆ پاراستنی تەندروستی قوتابیان
بە هەڵمەتێک سەرجەم قوتابخانەو خوێندنگەکانی خورماتوو پاککرانەوە
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لە لایەن بنکەی تەندروستی خورماتووەوە هەڵمەتێکی پاککردنەوە و تەعقیمکردنی سەرجەم قوتابخانەکانی قەزاکە دەستیپێکرد بەمەبەستی رێگری و دوورخستنەوەی ڤایرۆس و نەخۆشییە گواستراوەکان لە نێوان قوتابیاندا.
مەحەمەد ئەکبەر، بەرپرسی بنکەی گشتی تەندروستی خورماتوو بە 964ـی وت، هەڵمەتەکە بەمەبەستی دوورخستنەوەی رێگریکردنە لە ڤایرۆس و نەخۆشییە گواستراوەکان لەنێوان قوتابیاندا، بەو پێیەی لەئێستادا ڤایرۆس و نەخۆشی تای خوێنبەربوون هاتوەتە ئاراوە و هەڵمەتەکە لەمڕۆوە دەستمان پێکردووە و تیمەکان مەبەستیانە پێش تەشەنە سەندن و بڵاوبونەوەی هەر نەخۆشیەک کە هاوشێوەی ئەو ڤایرۆسەیە، ئەوان خێرا رووبەڕووی دەبنەوە و رێگری لەسەرجەم گومانەکان دەکەن.
وتیشی، داواشیان لەبەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گشتی کردووە، هەڵمەتەکان چڕتر بکەنەوە و لایەنی کەم مانگانە دوو جار تیم تەرخان بکرێت بۆ تەعقیم کردن و پاککردنەوەی ئەو شوێنانەی کە قەرەباڵغییان لەسەرە، وەکو فەرمانگەکان و لەنەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکان و سەرجەم شوێنەگشتیەکان، بەم هەنگاوەش وادەکات کە مەترسیەکان کەمتربن و تەندروستی خەڵکیش پارێزراو بێت.
هەڵمەتەکەی بنکەی تەندروستی خورماتوو، بۆ یەکەم جارە لەدوای پەتای کۆرۆناوە هەڵمەتی لەم شێوەیە ئەنجام بدرێت و بڕیاریشە جگە لەخوێندنگەکان هەڵمەتەکە فراوانتر بکرێتەوە بۆ سەر فەرمانگە و شوێنەگشتیەکانی قەزاکە و لەپێناو پاراستی تەندروستی گشتی.
پێداچوونەوە: توانا نەقی