نەخۆشخانەی شاری سلێمانی. وێنە :964
وەك باشترین سەنتەری چارەسەری جەڵتەی مێشك
نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی دووەم خەڵاتی نێودەوڵەتی وەرگرت
شۆڕش قادری
دووەم خەڵاتی نێودەوڵەتی بەخشرایە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی، وەك باشترین سەنتەری چارەسەری جەڵتەی مێشك.
بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی، بۆجاری دووەم، كۆمەڵەی نێودەوڵەتی بۆ جەڵتەی مێشك، خەڵاتێكی نێودەوڵەتی بەخشیە بەشی هەناوی مێشك و دەماری نەخۆشخانەی شار وەك باشترین و یەكەم سەنتەری چارەسەری جەڵتەی مێشك لەسەر ئاستی عێراق و ئەو كەیسانەی تێدا چارەسەر دەكرێت.
لەوبارەیەشەوە، د.زانا عەبدولڕەحمان سەرۆكی بەشی هەناوی مێشك و دەمار لەنەخۆشخانەی شار رایگەیاندووە، خەڵاتەكەی ئەمساڵی كۆمەڵەی نێودەوڵەتی بۆ جەڵتەی مێشك بۆ نەخۆشخانەی شار پلاتینیۆمە و پلەیەك بەرزترە لە خەڵاتی ساڵی رابردوو.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو خەڵاتەی پێیان بەخشراوە، هاوشێوەی وڵاتانی زۆر پێشكەوتووە، سەبارەت بەوەی بەشی هەناوی مێشك و دەماری نەخۆشخانەی شار باشترین سەنتەری چارەسەری جەڵتەی مێشكە.