لە شەش شوێن بە 12 کامێرا
لە نێوان سلێمانی و عەربەت دەست بەدانانی کامێرای تیژڕۆیی کراوە
964+
ئەحمەد مستەفا
ئیتر رێگە دوو سایدەکەی نێوان سلێمانی بۆ عەربەت بەبێ کامێرای تۆمارکردنی خێرایی نابینن، کۆمپانیای جێبەجێکار دەستی کردووە بە دانانی 12 کامێرا لە هەردوو دیووی هاتن و چوونی رێگاکە.
عەربەت کە بە دووی 19 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری سلێمانی، لە شەش خاڵ بە 12 کامێرا، ئیتر رێگەکەی خێرایی ئەو ئۆتۆمبێلانەی تێدا تۆمار دەکرێ، کە هاتوچۆ لە سلێمانییەوە بۆ ناوچەکانی پەیوەست بە قەزای ناوەندی سلێمانی، ناوچەکانی پارێزگای هەڵەبجە و ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان دەکەن.
بە گوێرەی سۆراغی 964، لە رێگاکە دوو جۆر کامێرا هەیە، ئەو کامێرانەی بە قەبارە گەورەترن ئەوانە تۆماری خێرایی ئۆتۆمبێل دیاری دەکەن، کامێراکانی دیکە پەیوەستن بە دەزگا ئەمنییەکانەوە.
ئەو کامێرا تیژڕۆییانەی لە رێگەکە دەست بە دانانیان کراوە، هەمان کوالێتی و جۆری ئەو کامێرایانەن، لە رێگەی سلێمانی بۆ تاسڵوجە لە ماوەی رابردوو دانراون، کە لەهەمان کاتی تۆمارکردنی رادەی خێرایی، توانای هەیە سەرپێچی نەبەستی پشتوێنی سەلامەتی و بەکارهێنانی مۆبایل تۆمار بکات.
دانانی ئەو کامێرایانە لە رێگەی سلێمانی بۆ عەربەت نوێیە، 964 لە سەرچاوەیەکی باڵای هاتوچۆ زانیاری ئەوەی دەستکەوتووە، لە ماوەی داهاتوو پەیوەست بە رۆژی تۆمارکردنی سەرپێچی خێرایی، وە تۆمارکردنی سەرپێچی بەکارنەهێنانی پشتوێنی سەلامەتی و بەکارهێنانی مۆبایل زانیاری بڵاودەکرێتەوە.
زانیاری ئەوە دەستخراوە لەسەرجەم رێگاکانی دەرەوەی شارەکان، لە زاخۆ تا خانەقین کامێرای دیاریکردنی خێرایی یان تیژڕۆیی ئۆتۆمبێل دادەنرێ، سەرچاوە باڵاکەی 964، کە بڕیار بە دەستە وتی، رێگای سلێمانی بۆ عەربەت، لە چوارچێوەی پلانەکەدایە، خێرایی 100 کیلۆمەتر و 80 کیلۆمەتری لە کاتژمێرێکی تێدایە، رێگاکە ئێستا لە قۆناغی ئامادەکارییە بۆ سیستمەکە و سەرپێچی تۆمار ناکات تا کاتی راگەیاندنی.