کەوتنەوەى ئاگرێک لە مەیدانى حاجیاوا
بە بڕى جیاواز
زیانلێکەوتووانى مەیدانى حاجیاوا قەرەبووکرانەوە
964+
وریا فەتاح
نوسینگەى جێگرى سەرۆکى حکومەت، قەرەبووى زیانلێکەوتوانى مەیدانى حاجیاواى کردەوە و ئەمڕۆ بڕێک پارە وەک قەرەبوو بەسەریاندا دابەشکرا.
دوانیوەڕۆى هەینى رابردوو 25.4.2025 مەیدانى حاجیاوا ئاگرى گرت و 13 کاسبکارى مەیدانەکە زیانیان بەرکەوت.
ئەزوەر جەعفەر، بەڕێوەبەرى ناحیەى حاجیاوا بە 964ـى وت،”دواى پێنج رۆژ بەسەر سووتانى چەند کەپر و دوکانێکى کاسبکارانى بازاڕەکە، ئەمڕۆ نوسینگەى جێگرى سەرۆکى حکومەت قەرەبووى پێدانەوە”.
وەک باسى دەکات، 13 کاسبکارى بازاڕەکە بەهۆى ئاگرەکەوە زیانیان بەرکەوتووە و دواتر بەرگرى شارستانى خەمڵاندنى بۆ زیانەکان کردووە و قەرەبووەکەش بەرەنجامى ئەو خەمڵاندنە بووە.
وەک ئەوەى بەڕێوەبەرى ناحیەى حاجیاوا باسى دەکات، قەرەبووى نوسینگەى جێگرى سەرۆکى حکومەت نزیکى 12 ملیۆن دینار بووە، کاسبکار هەبووە 250 هەزارى وەرگرتووە و هەیە ملیۆنێک یان دوو ملیۆن، ئەوەش بەپێى راپۆرتى لیژنەى خەمڵاندن.
محەمەد مەمەند میوەفرۆشێکى مەیدانەکەیە، لەبارەى قەرەبووکردنەوەیان بە 964ـى وت،”قەرەبووەکە باشبوو خراپ نەبوو، من 350 هەزارم وەرگرت هەچەندە زیانەکەم 500 هەزار دەبوو، بەڵام خەڵک هەیە بەپێى قەبارەى سووتانەکەى ملیۆن و ملیۆن و نیوى وەرگرتووە”.
ئەو لەرێگەى 964ـەوە داواى کرد کە بە مودیرناحیە حاجیاوا بڵێین کە شوێنەکەیان بۆ پاک بکەنەوە، هەر ئەوکات 964 قسەى لەگەڵ ئەزوەر جەعفەر کرد و ئەویش دواى بەدواداچوون وەڵامى دایەوە و وتى،”ئەمڕۆ دەوام تەواو بووە، سبەینێش جەژنى کرێکارانە و دووسبەى هەینییە، بەڵام شەممە هەر زوو شوێنەکە پاکدەکەینەوە و دەیشیۆن و ئامادەى دەکەین بۆ دووبارە کارکردن”.