پاقلەی ئێرانی رێگری لێ بكرێت

پاقلەی شارەزوور بازاڕی گەرمە و دەگاتە بازاڕەكانی عێراق

964+

بڕوا مەجید – شارەزوور

بەشێك جوتیارانی قەزای شارەزوور، ئەوانەی پاقلەیان چاندووە، كەیفیان خۆشە و بازاڕیان گەرمە، چونكە پاقلەكەیان پێگەیشتووە و بەرناكەوێت، ئەوەتا كڕیار و جوتیاری ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق هاتوون و راستەوخۆ هەر لە سەر پیكاب لێیان دەكڕن.

میران تەها، خاوەنی قەپان و عەلوەی کڕین و فرۆشتنی پاقلەیە لە شارەزوور، بۆ 964 وتی، “ئێمە وەک بەشێک لە جوتیارانی شارەزوور بیرمان لەوە کردەوە عەلوەیکی نوێ لە شارەزوور بکەینەوە بۆ ئەوەی  بەروبوومی جوتیارانمان هاوشێوەی شارەکانی تر بە شێویەکی باش ساغ بکرێتەوە.

وتیشی، بۆ ئەمساڵ  جوتیارانی عەرەب لە خوارووی عێراقەوە هاتوون بۆ شارەزوور و خواست لەسەر کڕین ی پاقلە زۆرە، لەبەر ئەوەی پێشتر نەیاندەهێشت بێنە ئێرە و ئێستا رێگە کراوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی بەرهەمەکە زۆرە نرخێکی باشیش دەکات”.

“شەش جۆر پاقلە لە شارەزوور چێندراون، کە (ئیسپانی، فەرەنسی، هۆڵەندی، دوودەنکی، کوردی و گەڕتانی)، باشترینیان جۆری گەڕتانیە، نرخەکەی لە 400 دینار بۆ675 دینار دەفرۆشرێت بۆ هەر كیلۆیەك” میران تەها وادەڵێت.

بە قسەی ئەو خاوەن قەپانە، دوێنێ 50 تۆن و ئەمڕۆش تا کاتژمێر 11ی بەیانی 90 تۆن فرۆشراون، پێشبینیش دەکەن رۆژانی دواتر زیاتر ببێت.

ئەو دەڵێت لە دەروازەكانی دیكەی عێراق پاقلەی ئێرانی داخیل دەكرێت، ئەگەر ئەوە نەبێت پاقلەكەی شارەزوور نرخی زیاتر دەكات.

محەمەد کەریم  جوتیارێكی شارەزوورە و پاقلەی هەیە، بۆ 964 دووپاتی كردەوە، كە ئەمساڵ بەرهەمە باشە و زۆرە و بازاڕیشی باشە.

وتیشی، هەر جوتیارێك بڵێت قازانج ناكات درۆ دەكات.

خاڵە محەمەد كەریم پێی وایە ئەمساڵ پاقلەكە قازانجی باشە و كرێكاری ناو كێڵگەكانیش هەرزانتر كاردەكەن، بۆیە جوتیار داهاتی باشی دەبێت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا