كونسوڵی ئەمریكا لە هەولێر

“پێویستە پێشمەرگە فەرمان لە حكومەت وەربگرێت نەک حزبەكان”

ئەرسەلان عەبدوڵا

كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەولێر رایگەیاند، ئامانجیان ئەوەیە هێزەكانی پێشمەرگە فەرمان و رێنمایی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەربگرن نەک حزبە سیاسییەكان.

ستیڤ بیتنەر کونسوڵی گشتیی کونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە 28.4.2025 بەشداریی کرد لە رێوڕەسمی دەستپێکی دەستپێشخەریی ئامادەیی پزیشکیی هێزەکانی پێشمەرگە، کە لە لایەن رێکخراوی ئەمریکیی سپیرت ئۆڤ ئەمریکا (Spirit of America)ەوە پاڵپشتیی دارایی کراوە.

كونسوڵی ئەمریكا لە رێوڕەسمەكەدا وتی، ئەو دەستپێشخەرییە بەشێكە لە هەوڵەكانمان بەرەو پیشەییبوون و هەڵوەشاندنەوەی كاریگەریی حزبەكان لەسەر هێزەكانی پێشمەرگە، بۆ ئەوەی ببێتە هێزێكی شەڕكەری كاریگەر، هێزێک كە رێنمایی و فەرمان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەربگرێت، نەک حزبە سیاسییەكان.

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا یەكێكە لەو وڵاتانەی، كە پاڵپشتیی پێشمەرگە دەكات، بە تایبەتی لە پرسی یەكخستنەوەی هێزەكان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە.

ستیڤ بیتنەر هەروەها وتی، “لە تەك هەوڵەكانمان لە جیاكردنەوەی پێشمەرگە لە حزبەكان، ماوەی زیاتر لە 10 ساڵیشە پاڵپشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەكەین لە بەرزترین ئاستی مەشقپێكردن و دابینكردنی پێداویستی سەربازی و پزیشكی.

پێشتر لە ئەیلولی 2022 وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان و وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا یاداشتێكی لەیەكگەیشتنیان واژۆكرد بە ئامانجی چاكسازی لە هێزەكانی پێشمەرگە و یەكخستنەوەی هێزەكان، دواتر لە 2024 یاداشتەكە نوێكرایەوە، نەخشەڕێگایەكیش بۆ چاكسازییەكان دیاریی كراوە.

بەپێی لێدوانەكانی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی كوردستان، تا ئێستا 138 هەزار پێشمەرگە لە 11 فیرقەدا رێكخراون وەك هێزی پێشمەرگەی كوردستان.

هێزەكانی ئەمریكا لە كوردستان جگە لە هەوڵەكانیان بۆ یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە، مانگانەش بڕەپارەیەك وەك هاوكاری بە پێشمەرگە دەدەن، كە زیاتر لە 50 هەزار پێشمەرگە سوودی لێ وەردەگرن.