لەدۆسیەی نەوتدا لەبەرژەوەندی سوننەکانە پشتگیری کورد بکەن
نەبوونی یاسای نەوت و گاز لەعێراق لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستان دایە
+964
فەرمان سادق
هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر ئەوە کۆکن دۆسیەی نەوت بەگوێرەی دەستوور لەنێوانیاندا چارەسەر بکەن، بەڵام شارەزایەکی نەوت دەڵێ: دیدگای هەردوولا بۆ پرسی دەستوور جیاوازە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 12.2.2023، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوت لەسەر دۆسیەی نەوت کۆبوونەوە، لەبەیاننامەی هەردوولادا هاتووە کە رێککەوتوون چارەسەری ئەو پرسە لەسەر بنەمای دەستووری هەمیشەیی عێراق بکەن.
دۆسیەی نەوت لەنێوان هەولێر و بەغدا، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2007 کاتێک هەردوولا لەسەر رەشنووسێک رێککەوتن، بەڵام لایەنی کوردی ناڕەزایەتی خۆیان نیشاندا لەو رەشنووسەی خرایە بەردەم ئەندامانی پەرلەمان و پێیانوابوو دەستکاری کراوە. لەو کاتەوە تائێستا، هەردوولا لەسەر رەشنووسێک نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
دوای 16 ساڵ، جارێکی دیکە هەولێر و بەغدا دەیانەوێت لەسەر دۆسیەی نەوت لەسەر بنەمای دەستوور بگەنە رێککەوتن، ئەمەش لەکاتێکدایە لەهەموو کابینە یەک لەدوا یەکەکانی بەغدا هەمیشە ئەو پرسە یەکێک بووە لەبڕگەکانی کارنامەی حکومەت، بەڵام وەک باقی بڕگەکانی دیکەی پەیوەند بەنێوانی هەرێم و بەغدا جێبەجێ نەکراون.
لەو دۆسیەیەدا گەورەترین بەربەست کە رووبەڕووی هەرێم و بەغدا دەبێتەوە، جیاوازی دیدگای هەردوولایە لەشڕۆڤەی مادەکانی 110، 111، 112ـی دەستووری هەمیشەیی عێراق پەیوەند بەپرسی ئیدارەدانی سامانە سروشتییەکان.
لەمەدا پرسەکە بۆ هەرێمی کوردستان قورستر دەبێت ئەگەر دادگای باڵای فیدڕاڵ ببێتە ناوبژ لەیەکلایی کردنەوەی شڕۆڤەکە بەهۆی ئەو ئەزموونەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دادگای باڵای فیدڕاڵ هەیەتی کە دواترینیان رەتکردنەوەی تەواوی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بوو پەیوەند بەناردنی 200 ملیار دینارەکە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
هیمداد فەیسەڵ ئەحمەد، پسپۆڕ لەیاسای بازرگانی نێودەوڵەتی نەوت دەڵێت: پێویستە كورد وشیار بێت، چونکە تائێستا عێراق خاوەنی یاسای نەوت و گاز نییە بۆیە ئەو بابەتە دوو ئاراستەی هەیە، ئاراستەیەك بە قازانجی هەرێمی كوردستانە و ئاراستەیەك بە زیانیەتی.
“ئەگەر عێراق ببێتە خاوەنی یاسای نەوت و گاز، بەو شێوەیەی كە عێراقییەكان خۆیان خوێندنەوە بۆ دەستوور دەكەن، ئەوا لە قازانجی هەرێمی كوردستاندا نییە، بەڵام ئەگەر بەو شێوازە بێت كە هەرێمی كوردستان خوێندنەوەی بۆ دەكەن ئەوا لەقازانجی هەرێمی كوردستان دایە”. هیمداد فەیسەڵ وادەڵێت، ئەوەشی خستەڕوو کە كێشەكە لەوەدایە لایەنە عێراقییەكان دەیانەوێت بە ئاراستەی قازانجی خۆیان شڕۆڤەی مادەکانی دەستوور بکەن، مانەوەی دۆخەکەش بەمجۆرەی هەیە کە عێراق یاسای نییە ئەوا لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستان دایە.
لەبارەی ئەوەی هاوشێوەی دیفاکتۆبوونی پێگەی سیاسی هەرێمی كوردستان بەسەر دەستووری عێراق، ئەوا دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش نابءتە دیفاکتۆیەک بەسەر یاسا نوێیەکەی بڕیارە هەردوولا بەرێککەوتن دەری بکەن، بەوەی پێشتر هەرێمی کوردستان ئەوەی کردوویەتی لەچوارچێوەی یاسای نەوتی هەرێمی کوردستانە کە پەرلەمانی کوردستان دەریکردووە، ئەو پسپۆڕەی یاسای بازرگانی نێودەوڵەتی نەوت ئەوە رووندەکاتەوە کە کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی نەوت خۆی لەچەند پرسێک دەببینێتەوە، هەر لەدەستنیشانکردنی بلۆکی نەوتی بگرە تا فرۆشتنی نەوتەکە و گەڕاندنەوەی داهاتەکە، وتی “لە 2007 هەرێمی کوردستان رازی بوو نەوتەکەی لەڕێگەی سۆمۆوە بەبازاڕ بکرێت و داهاتەکەش بگەڕێتەوە بۆ عێراق بەو مەرجەی عێراق شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی سێکتەری نەوت لەهەرێمی کوردستان بدات، بەڵام بەغدا رازی نەبوو بۆیە کێشەکە چارەسەر نەکرا، بۆیە پێموایە گرفتەکە هێندەی لەفرۆشتنی نەوتەکە و گەڕاندەنەوەی داهاتەکەیە، هێندە لەپڕۆسەی دەرهێنانەکەی نییە”.
زیاتر وتی “دەبوو حکومەتی هەرێم هەرزوو کۆمپانیاکانی بەبازاڕکردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێم و دانانی سندوقی داهاتی نەوتەکەی بەگوێرەی یاسای نەوت و گاز دابمەزراندبایە تاوەکو بۆ ئێستا بخرایە ژێر چەتری کۆمپانیای سۆمۆ لەپرسی فرۆشتنی نەوتی هەرێم و گەڕاندنەوەی داهاتەکەی”.
بەقسەی ئەو پسپۆڕەی بازرگانی نێودەوڵەتی نەوت بێت، حەگەر لەئێستادا کێشەکە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووبێتەوە ئەوا لەداهاتوودا رووبەڕووی سوننەکانیش دەبێتەوە ئەگەر لەشارەکانی ئەوان نەوت بدۆزرێتەوە، بۆیە “لەمەدا زۆر گرنگە سوننەکان پشتگیری هەرێمی کوردستان بکەن، چونکە یاسایەکە بۆ هەموو عێراقە.
لەبارەی ئەوەی پێویست دەکات لایەنی کوردی لەگەڵ سوننەکان لەسەر ئەو پرسە لۆبی بکات بەو پێیەی هەمان پرس ئەگەری هەیە لەداهاتوودا یەخەی ئەوانیش بگرێت، هیمداد فەیسەڵ دەڵێ: سوننەكان دەبێت وریا بن وشیارانە و ئاگایانە لەو یاسایە بڕوانن كە سەبارەت بە نەوت و گازە لەعێراقدا، چونكە لە قازانجی ئەوانیشدایە ئەگەر یاساكە لەقازانجی هەرێمی کوردستان بێت، یان لەقازانجی سیستمی فیدڕاڵی عێراقی بێت.