کارى نایاسایى لێوە دەکرێت

ئیتر لە شەوان رێگای بانیخێڵان بۆ سەنگاو دادەخرێت

میلاد جەلال_گەرمیان

ئەنجومەن و دانیشتوانی گوندی بانیخێڵان، دەرگایەکیان لەسەر رێگای گوندەکەیان بۆ ناوچەی سەنگاو دروستکردوە، بڕیاریانداوە لە شەواندا دایبخەن و ھاتوچۆ بە رێگاکەدا نەکرێت.

دەرگای رێگاکە لە کاتژمێر 6ـی ئێوارە دادەخرێت تا 8ـى بەیانی، ئەمەش بۆ رێگرتنە لە رووداوی نەخوازراو.

سیروان حوسێن، ئەنجومەنی گوندی بانیخێڵان بە 964ـى وت،”لە گوندەکانی سنووری سەنگاوەوە ھەرکەس بچێت بۆ دەربەندیخان، لە بانیخێڵانەوە تێپەڕ دەبێت، چونکە ئەو رێگایە بازگەکە ناگرێتەوە”.

وەک باسى دەکات، بەو هۆیەوە بەکارهێنانى رێگەکە، رێگەخۆشکەربوو بۆ کارى نایاسایى.

“لە شەواندا ھەندێک جار ئاژەڵ و بابەتی نایاسایی بەناو گوندەکە دەبرایە دەربەندیخان و لەوێشەوە بۆ جێگاکانی دیکە،  چونکە بە بازگەکەی بانیخێڵان تێنەدەپەڕی، بۆ رێگەگرتن لە حاڵەتی نەخوازراو ئەو دەرگایەمان دروستکردووە و لە شەواندا دایدەخەین”، ئەنجومەنى گوندەکە واى وت.

وەک باسى دەکات، لەمەودوا بۆ حاڵەتى زۆر پێویست نەبێت دەرگاکە ناکەنەوە.

روونیشى کردووەتەوە، سەربەخۆ کارەکەیان نەکردووە و لایەنى ئەمنیش ئاگادارە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح